رۆژنامه‌یه‌كی ئه‌مریكی: سوپای پاسداران پاڵپشتی له‌ هادی عامری ده‌كات

بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌سه‌رحكومه‌ت و په‌رله‌مانی عێراق بگرێ

سوپای پاسدارانی ئێران به‌ هه‌موو هێزییه‌وه‌ پاڵپشتی له‌ كاندیدكردنی هادی عامری،بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتووی عێراق ده‌كات.

رۆژنامه‌ی بیزنس ئینسایده‌ری ئه‌مریكی له‌ راپۆرتێكدا بڵاویكردۆته‌وه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ جێگره‌كانی قاسم سلێمانی، فه‌رمانده‌ی سوپای پاسدارانی ئێران، هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئیئتلافی فه‌تح به‌رێوه‌ ده‌بات، كه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی نێو میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عب پیێكهاتووه‌.

رۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی كۆن و توندوتۆڵ له‌ نێوان سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای پاسداران هه‌یه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ نێوان هادی عامری و قاسم سلێمانی.

رۆژنامه‌كه‌ له‌درێژه‌ی راپۆرته‌كه‌یدا ئه‌وه‌شی روونكردۆته‌وه‌ كه‌ سوپای پاسدارانی ئێران به‌ هه‌موو هێزییه‌وه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ پاڵپشتی له‌و حیزبه‌ سیاسییانه‌ بكات كه‌ له‌خۆیه‌وه‌ نزیكن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ له‌ داهاتوودا ده‌ست به‌سه‌رحكومه‌ت و په‌رله‌مانی عێراق بگرێ.

ئاماده‌كردنی:رزگار