ئه‌مریكا تانكه‌ ئه‌برامزه‌كانی خۆی له‌ حه‌شدی شه‌عبی وه‌رگرته‌وه‌

ژماره‌ی تانكه‌كان كه‌ له‌ جۆری ئه‌برامز بوون نزیكه‌ی 9 دانه‌ن

ئه‌مریكا ئه‌و تانكه‌ ئه‌برامزانه‌ی خۆی كه‌ گه‌یشتبووه‌ ده‌ست ملیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی وه‌رگرته‌وه‌ و راده‌ستی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراقی كردۆته‌وه‌.

ئێریك پاهۆن، گوته‌بێژی وه‌زراه‌تی به‌رگری ئه‌مریكا (پێنتاگۆن) رایگه‌یاند، به‌رپرسانی سه‌ربازی ئه‌مریكا بۆیان روونبووه‌وه‌ كه‌ هه‌ندێك چه‌كی ئه‌مریكی ، له‌وانه‌ش تانكی جۆری ئه‌برامز گه‌یشتووه‌ته‌ ده‌ستی هه‌ندێك له‌ گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و دواتریش ئه‌و جۆره‌ چه‌كانه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و گروپانه‌وه‌ له‌ شه‌ڕی دژی داعش به‌كارهێنراون.

پاهۆن ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه‌ كه‌ ژماره‌ی تانكه‌كان كه‌ له‌ جۆری ئه‌برامز بوون نزیكه‌ی 9 دانه‌ن و ئێستاش ته‌واوی ئه‌و تانكانه‌ گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌ ده‌ستی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق.

رۆژی 20-10-2017 هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ چه‌ند قۆڵێكه‌وه‌ به‌ تانكی ئه‌برامزی ئه‌مریكی هێرشیان كرده‌ سه‌ر پردێ و له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ هێرشه‌كانیان تێكشكێنراو تانكێكی ئه‌برامزی ئه‌مریكییش له‌و هێرشه‌دا له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌ سووتێنرا .

ئاماده‌كردنی: رزگار