هۆڵه‌ندا به‌ فه‌رمى  باڵیۆزى خۆى له‌ توركیا كشانده‌وه‌

هۆله‌ندا هه‌ر هه‌وڵێك بۆ دانوستاندن له‌گه‌ڵ توركیا راده‌گرێت

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى هۆڵه‌ندا به‌ فه‌رمى  باڵیۆزى خۆى له‌ توركیا كشانده‌وه‌و داواشى كرد باڵیۆزى توركیا له‌ هۆڵه‌ندا نه‌مێنێت.

ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى وڵاتى هۆڵه‌ندا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، باڵیۆزى خۆى به‌فه‌رمى له‌ توركیا ده‌كێشێته‌وه‌، چونكه‌ ماوه‌ى ساڵێك ده‌بێت توركیا رێگاى نه‌داوه‌ باڵیۆزى هۆڵه‌ندا پێ بخاته‌ خاكى توركیاوه‌.

راشیگه‌یاند" كه‌ حكوومه‌تى هۆله‌ندا هه‌ر هه‌وڵێك بۆ دانوستاندن له‌گه‌ڵ توركیا راده‌گرێت كه‌ پێشتر بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ردوولا هه‌بوو.

تێزانین گرژیى نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌ له‌ له‌ مانگى ئادارى 2017 ده‌ستى پێ كردووه‌، كاتێك هه‌ندێك له‌ به‌رپرسانى توركیا ویستیان بچنه‌ هۆڵه‌ندا، له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانى هۆڵه‌نداوه‌ رێگایان پێ نه‌درا، چونكه‌ به‌رپرسانى توركیا ده‌یانویست بۆ هاندانى هاووڵاتییانى تورك له‌ هۆڵه‌ندا بۆ پرسی هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستوورى توركیا بچنه‌ ئه‌و ولاته‌.