رۆژنامەی جمهوریەت: توركیا ژماره‌ی سه‌ربازه‌ كوژراوه‌كانی ده‌شارێته‌وه‌

هیچ میدیایه‌كی توركیا نه‌یتوانیوه‌ ژماره‌ی سه‌ربازه‌ كوژراوه‌كانی توركیا ئاشكرا بكات

رۆژنامه‌ی (جومهوریه‌ت)ـی توركی ئاشكرای كرد له‌ ماوه‌ی 17 رۆژی شه‌ڕكردنی سوپای توركیا دژی یه‌په‌گه‌ له‌ عه‌فرین، 40 سه‌ربازی توركیا و میلیشیاكانی جەیشی حوری سووری كوژراون.

به‌هۆی ئه‌وه‌ی جەیشی حوری سووری و سوپای توركیا به‌ یه‌كه‌وه‌ شه‌ڕ له‌ دژی یه‌په‌گه‌ ده‌كه‌ن، توركیا ژماره‌ی سه‌ربازه‌ كوژراوه‌كانی ده‌شارێته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ جەیشی حوری سووری تێكه‌ڵی ده‌كات.

تاوه‌كو ئێستا هیچ میدیایه‌كی توركیا نه‌یتوانیوه‌ ژماره‌ی سه‌ربازه‌ كوژراوه‌كانی توركیا ئاشكرا بكات، چونكه‌ ده‌زگای سه‌ربازی توركیا، ژماره‌ی سه‌ربازه‌ كوژراوه‌كان و چه‌كدارانی سوپای سووریای ئازاد به‌یه‌كه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات.

میدیاكانی توركیا، هه‌ر یه‌كه‌ به‌ژماره‌یه‌ك باس له‌ كوژراوانی سه‌ربازی توركیا ده‌كەن، به‌ڵام ژماره‌ی كوژراوانی چه‌كدارانی یه‌په‌گه‌ به‌ رێژه‌یه‌كی زۆر بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌.

به‌ر له‌ یه‌ك هه‌فته‌ زۆرێك له‌ میدیاكانی توركیا، ئاشكرایان كرد كه‌ 14 سه‌ربازی توركیا له‌ عه‌فرین كوژراون و ژماره‌یه‌كی زۆریش برینداربوونه‌. به‌ڵام میدیاكانی سه‌ر به‌ یه‌په‌گه‌ باس له‌ كوژرانی ده‌یان سه‌ربازی توركیا ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها ده‌ڵێن توركیا ژماره‌ی سه‌ربازه‌ كوژراوه‌كانی ده‌شارێته‌وه‌.