به‌ فارسی كتێبك له‌سه‌ر ژیانامه‌ی مه‌حموود خانی دزڵی بڵاو كرایه‌وه‌

97 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر توانی شاری سلێمانی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌ریتانییه‌كان ئازاد بكات

كتێبی مێژوویی مه‌حموود خانی دزڵی، له‌ نووسینی عومه‌ر مه‌عرووف به‌رزه‌نجی و وه‌رگێڕانی جه‌ماڵ شاسواری به‌ زمانی فارسی ڕه‌وانه‌ی بازاڕی كتێبی ئێران و كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات كرا.

ئه‌و كتێبه‌ له‌لایه‌ن بڵاوڤگه‌ی ئه‌وین له‌ مه‌ریوان‌ چاپ كراوه‌ و له‌ سه‌رتاسه‌ری ئێران بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، كتێبه‌كه‌ ژیانامه‌ی مه‌حموود خانی دزڵییه‌.

مه‌حموود خانی دزڵی، یه‌كێك له‌ ناوه‌ دیاره‌كانی بزووتنه‌وه‌ی‌ سیاسیی كوردستانه‌، كه‌ 97 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر توانی شاری سلێمانی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌ریتانییه‌كان ئازاد بكات.

مه‌حموود خان دزڵی دوای ئه‌وه‌ی‌ شێخ مه‌حموود داوای هاوكاریی لێكرد، بۆ ڕزگاركردنی سلێمانی به‌ ده‌یان هه‌زار چه‌كداره‌وه‌ چووه‌ شه‌ڕی به‌ریتانییه‌كان.

مه‌حموود خانی دزڵی له‌ 20ی مه‌ی 1919دا كه‌ ده‌كاته‌ 97 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، به‌و كاره‌ی‌ ناوی خۆی وه‌كوو پاڵه‌وان بۆ مێژوو جێهێشت، چونكه‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ سلێمانی‌ و شكاندنی بریتانییه‌كان قۆناغێكی تایبه‌ت بوو له‌ ناوچه‌ و هه‌رێمی كوردستان.

مه‌حموود خانی دزڵی، كوڕی عه‌زیز خان، ساڵی ۱۸۷۰ له‌ گوندی (دزڵی)ی ناوچه‌ی هه‌ورامانی ته‌خت له‌ كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات له‌ دایك بووه  و له‌ ساڵی 1870ه‌وه‌ هه‌تا ساڵی 1946له‌ كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات و سنووری سلێمانی خه‌باتی كردووه‌‌.

بنه‌ماڵه‌كه‌ی‌ یه‌كێك بوون له‌ بنه‌ماڵه‌ سه‌ردار و ده‌ستڕۆیشتووه‌كانی ئه‌وكاته‌، كه‌ دوای مردنی عه‌زیز خانی باوكی، مه‌حموود خانی كوڕی بووه‌ته‌ جێنشینی‌ و به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م‌ و له‌ ئه‌نجامی توانا و لێهاتوویی خۆی به‌سه‌ر ناوچه‌ی دزڵی‌ و ده‌وروبه‌ری هه‌ورامان جێگیر كردو‌وه‌.

ناوبانگیی مه‌حموود خانی دزڵی، له‌ سه‌ردارێكی به‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ گۆڕا بۆ "پاڵه‌وان"، دوای ئه‌وه‌ی‌ 97 ساڵ پێش ئێستا له‌ ئازادكردنی شاری سلێمانی له‌ده‌ست هێزه‌كانی به‌ریتانیا ڕۆڵی سه‌ره‌كیی بینی، ره‌فیق حیلمی كه‌‌ ساڵی‌ 1922 راوێژكاری‌ رامیاریی‌ شێخ مه‌حموود بووه‌، دوای ئه‌و قاره‌مانێتییه‌ و چه‌ند نه‌به‌ردییه‌كی‌تر به‌ "پاڵه‌وانی شۆڕشه‌كه‌ی‌ شێخ مه‌حمود"، ناوی لێ ده‌بات.

ئه‌حمه‌دی خواجه‌، كوڕی عه‌زیز عوسمان ئاغای ئه‌رده‌ڵانی، كه‌ له‌ ساڵی 1922 یه‌كێك بوو له‌ كاتیبه‌كانی شێخ مه‌حموود، له‌ كتێبه‌كه‌یدا (چیم دی)، ده‌ڵێت شێخ مه‌حموود بۆ ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به ‌كرده‌وه‌ توندوتیژ و ناشیرینه‌كانی ژنراڵ مێجه‌رسۆن، حاكمی سیاسیی به‌ریتانیای ئه‌وكاتی شاری سلێمانی بوه‌ستێته‌وه‌، داوای له ‌مه‌حموود خانی دزڵی كرد تاكوو یارمه‌تیی بدات و ئه‌ویش ده‌ستبه‌جێ هاته‌ هانای شێخ مه‌حموود و به‌ سه‌ختی به‌ریتانییه‌كانی شكست دا.

سه‌رچاوه‌ / باس

كوردستان تیڤی/ كامه‌ران حاجی