له‌ گوندی هه‌سنان له‌ ده‌ڤه‌ری سۆران كتێبخانه‌یه‌ك كرایه‌وه‌

هه‌نگاوێك بۆ داهاتوو، ماڵێك بۆ په‌روه‌رده‌ و پێگه‌یاندن و به‌كارخستنی تواناكان

كتێب باشترین هاورێی مرۆڤه‌ هه‌ر له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌ له‌ نێو زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگاكان گرنگی زۆر به‌ كتێب و كتێبخانه‌ دراوه‌ ، كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیش گرنگی به‌ زۆری به‌ كتێبخانه‌ داوه‌، له‌ زۆربه‌ی شارو شارۆچكه‌ و گونده‌كان كتێب و كتێبخانه‌ هه‌ن.

گوندی هه‌سنان زیاتر له‌ هه‌شتا ماڵ ده‌بێت، سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی دیانایه‌ له‌ ده‌ڤه‌ری سۆران، كه‌وتووه‌ته‌ رۆژهه‌ڵاتی باكووری شاری سۆران به‌ دووری 15 كیلۆمه‌تر.

ئازاد محه‌مه‌د به‌رگركه‌یی مامۆستا و وتارخوێنی ئاینی گوندی هه‌سنان به‌(باسنیوز)ی راگه‌یاند : له‌ پێناو خزمه‌تگه‌یاندن به‌ خوێنه‌ران و گه‌نجان و هاووڵاتییانی گونده‌كه‌، به‌ هاوكاری كۆمه‌ڵه‌ گه‌نجێكی خۆبه‌خش و به‌ڕێوه‌به‌ر و مامۆستایانی قوتابخانه‌ی گونده‌كه‌، شوێنێكمان ته‌رخان كرد و كتێبخانه‌یه‌كمان كرده‌وه‌.

هه‌روه‌ها گوتی: به‌شێوه‌ی خۆبه‌خشانه‌ كتێبیان كۆكردووه‌ته‌وه‌ و خه‌ڵكی رۆشنبیری ده‌ڤه‌ره‌كه‌ش به‌رده‌وام كتێبی زیاتر پێشكه‌شی كتێبخانه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

شایانی باسه‌  ئه‌و كتێبخانه‌یه‌ ناونراوه‌ "هه‌نگاوێك بۆ داهاتوو، ماڵێك بۆ په‌روه‌رده‌ و پێگه‌یاندن و به‌كارخستنی تواناكان"، ئێسته‌ به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی كراوه‌ته‌وه‌، بڕیاره‌ له‌ داهاتووێكی نزیكدا به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی به‌رووی خوێنه‌راندا بكرێته‌وه‌.

كوردستان تیڤی / كامه‌ران حاجی

 

 

 

26904597_174252530001724_6805363843500375470_n.jpg