بزانه‌ به‌غدا به‌ چ شێوه‌یه‌ك مووچه‌ بۆ كوردستان ره‌وانه‌ ده‌كات

3 رێگای دیاریكردووه‌

بۆ ئه‌وه‌ی مووچه‌ ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكرێ به‌غدا سێ سیناریۆی پێشنیاز كردووه‌ ، سبه‌ی لێژنه‌یه‌كیش بۆ وردبینیكردنی ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ران و چۆنییه‌تی دابه‌شكردنی مووچه‌ سه‌ردانی كوردستان ده‌كات.

سه‌ره‌ڕای نزیكبوونه‌وه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا له‌ یه‌كتر بۆ چاره‌سه‌ركردنی كیشه‌كان و سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو گوشاره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ی كه‌ له‌سه‌ر به‌غدا هه‌یه‌ تا ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی بڕینی هاوكاریی و قه‌رزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی له‌سه‌ره‌، به‌غدا به‌ مه‌رج ئاماده‌یه‌ ته‌نانه‌ت مووچه‌ی ئه‌و دوو وه‌زاره‌ته‌ش بنێرێت.

به‌گویره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24، به‌غدا 3 رێگای دیاریكردووه‌ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشی سه‌رپشك كردووه‌ و رێگاكانیش به‌م شێوه‌یه‌ن.

یه‌كه‌م : به‌غدا له‌رێی بانكه‌كانی خۆیه‌وه‌‌ راسته‌وخۆ مووچه‌ بۆ فه‌رمانبه‌ران ده‌نێرێت، گرفتی ئه‌و رێگایه‌ش كه‌می بانكه‌كانی سه‌ر به‌ به‌غدایه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان.

دووه‌م: به‌غدا له‌رێی پارێزگاكانه‌وه‌ مووچه‌ بۆ فه‌رمانبه‌ران ده‌نێرێت، ئه‌مه‌ش گرفتی یاسایی هه‌یه‌ و ده‌بێت به‌غدا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمی كوردستاندا بكات نه‌ك پارێزگاكان.

سێیه‌م: به‌غدا له‌رێی چه‌ند لیژنه‌یه‌كه‌وه‌ له‌ كوردستان مووچه‌ دابه‌شده‌كات، ئه‌وه‌شیان رێگایه‌كی دژواره‌، چونكه‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی ئه‌و هه‌موو فه‌رمانبه‌ره‌ی كوردستان به‌ كاری چه‌ند لێژنه‌یه‌ك به‌ ئاسانی جێبه‌جێ نابێت.