په‌رله‌مانی ئه‌وڕوپا ناردنی ته‌كنه‌لۆژیای گوێگرتن له‌ په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنی بۆ ئێران قه‌ده‌غه‌ ده‌كات

یه‌كێتیی ئه‌وروپا نابێت هاوكاریی رژێمه‌ دیكتاتۆره‌كان بكات بۆ سه‌ركوتی ناڕه‌زایه‌تیی

په‌رله‌مانی ئه‌وڕوپا یاسایه‌كی توندی بۆ كۆنتڕۆڵی جیددی له‌سه‌ر هه‌نارده‌ی ته‌كنه‌لۆژیای په‌یوه‌ندیدار به‌ گوێگرتن له‌ گفتوگۆی ته‌له‌فۆنی په‌سه‌ند كردووه‌ كه‌ رێگه‌ له‌ ناردنی ئه‌و ته‌كنه‌لۆژیایه‌ بۆ وڵاتان پێشێلكاری مافی مرۆڤ و له‌ نێویاندا كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌گرێت.

بنكه‌ی سه‌ره‌كیی په‌رله‌مانی ئه‌وڕوپا له‌ یاساكه‌دا جه‌ختی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ كه‌ره‌سته‌ و پرۆگرام و ئه‌و فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانانه‌ی كه‌ به‌ مه‌به‌ستی سیخوڕیی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی و گفتوگۆ ته‌له‌فۆنییه‌كان به‌كاردێن، یان كه‌ره‌سته‌ و پرۆگرامه‌كانی هاككردنی كۆمپیوته‌ریی، قه‌ده‌غه‌یه‌ هه‌نارده‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ بكرێن كه‌ مافه‌كانی مرۆڤ پێشێل ده‌كه‌ن.

كڵاوس بۆشنه‌ر كه‌ خۆی یه‌كێك له‌ نووسه‌رانی یاساكه‌یه‌، وێڕای ئیدانه‌كردنی سه‌ركوتی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی هاوڵاتییانی ئێران به‌ده‌ستی حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ و هه‌روه‌ها سه‌ركوتی خوێناویی به‌هاری عه‌ره‌بیی له‌ میسر و به‌حره‌ین، وتی: یه‌كێتیی ئه‌وروپا نابێت هاوكاریی رژێمه‌ دیكتاتۆره‌كان بكات بۆ سه‌ركوتی ناڕه‌زایه‌تیی هاوڵاتییانی ئه‌م جۆره‌ حكومه‌تانه‌ی وه‌ك ئێران و وڵاته‌ سه‌ركوتكاره‌كانی دیكه‌.

سه‌رچاوه‌ / ده‌نگی ئه‌مریكا

مه‌سعود / كوردستان تیڤی