سەرۆك بارزانی لەگەڵ كەسایەتی و پیاوماقوولانی ناوچەی سەرگەڕان كۆبۆوە

سەرۆك بارزانی ئامادەبووانی لەوە دڵنیا كردەوە كە گەلی كوردستان لە پشتیانە

 

كەسایەتییەكانی ناوچەی سەرگەڕان نیگەرانی و تێبنییەكانی خۆیان و خەڵكی ناوچەكەیان لەمەڕ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی تەعریب بە سەرۆك بارزانی گەیاند.


ئه‌مڕۆ پێنجشەممە 18/ 1/ 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە كەسایەتی و پیاوماقووڵانی ناوچەی سەرگەڕان كرد و لەگەڵیاندا كۆبۆوە.


به‌پێی ڕاگه‌یاندراوێك، لە دیدارەكەدا كەسایەتییەكانی ناوچەی سەرگەڕان نیگەرانی و تێبنییەكانی خۆیان و خەڵكی ناوچەكەیان لەمەڕ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی تەعریب بە سەرۆك بارزانی گەیاند و باسیان لە وردەكاریی بارودۆخی ناوچەكە و شێوازەكانی تەعریب لە ڕابردوو و ئێستادا كرد. هەروەها وێڕای دەربڕینی پشتیوانیی خۆیان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان داواشیان كرد كە سەرۆك بارزانی سنوورێك بۆ هەڵمەتی نوێی تەعریب كردن دابنێت كە ئێستا لە ناوچەی سەرگەڕان و چەندین ناوچەی تر دەستی پێكردووە.


لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە تەعریب لە سەردەمی ڕژێمەكانی پێشوو ڕایگەیاند كە تەعریب زوڵم و ناحەقییەكی گەورەیە و جیاوازە لە هەموو بابەتێكی تر. ئەوەیشی خستەڕوو كە خەڵكی كوردستان خاوەنی ڕەوشتێكی بەرز و كولتوورێكی دەوڵەمەندە لە ڕێزگرتنی نەتەوە و ئایینەكانی تر و هیچ كاتیش خوازیاری ئەوە نین كە كێشەی سیاسی لەگەڵ حكوومەتەكان ببێتە هۆی گرفت و شەڕی نێوان نەتەوەكان. لەگەڵ ئەوەیشدا تەعریب پڕۆسەیەكی مەترسیدار و ستەمكارییە دەرهەق خەڵكی ئەو ناوچانە كراوە.

سەرۆك بارزانی ئامادەبووانی لەوە دڵنیا كردەوە كە گەلی كوردستان لە پشتیانە و هەموو ڕێگەیەك دەگرنەبەر بۆ ئەوەی پڕۆسەی نامرۆڤانەی تەعریب لەو ناوچانە ڕابوەستێت و بارودۆخ بۆ حاڵەتی سرووشتیی خۆی بگەڕێتەوە و تەعریب و زۆرداری و پێشێلكردنی مافی خەڵك قابیلی قبوڵ نییە.

سەرۆك بارزانی سوپاسی خۆڕاگریی دانیشتوانی ئەو ناوچانەی كرد و داوایشی كرد كە ورەیان بەرز بێت و هیوایان هەبێت و، جەختیشی كردەوە لەبەرانبەر زوڵم و زۆر و تەعریب و خۆسەپاندندا هەرگیز بە تەنیا بە جیێان ناهێڵین.