هاووڵاتیانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌: گروپێك له‌ قه‌ڵادزێ بازرگانی به‌ هاتنه‌وه‌ی ئیمامی مه‌هدی ده‌كه‌ن

زۆر به‌نهێنی كاره‌كانیان ده‌كه‌ن

له‌ قه‌زای قه‌ڵادزه‌ی ئیداره‌ی راپه‌رین گروپێكی په‌یره‌وی رێبازی موحه‌مه‌دی مه‌هدی بانگه‌شه‌ی هاتنه‌وه‌ی مه‌هدی ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن روحی مه‌هدی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌و ته‌نیا خروجی له‌ ناو گۆڕدا ماوه‌.

عومه‌ر موسا ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ خه‌ڵكی یه‌كێك له‌ گونده‌كانی قه‌ڵادزه‌یه‌و رابه‌رایه‌تی ئه‌و گروپه‌ ده‌كات و موبایلێكی جۆری نۆكیای عادی پێیه‌و هه‌موو رۆژانی هه‌ینی له‌ ماڵی یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و گروپه‌ كه‌ سه‌ركرده‌ی گروپه‌كه‌یه‌ كۆده‌بنه‌وه‌و نوێژی هه‌ینی به‌ جه‌ماعه‌ت ده‌كه‌ن و دواتر زه‌نگێك بۆ مۆبایله‌كه‌ی عومه‌رموسا دێت و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی ئه‌م گروپه‌ كه‌ پێك دێن له‌ چه‌ند بنه‌ماڵه‌یه‌ك كه‌ هه‌ر یه‌كه‌و له‌ ناوچه‌یه‌كی جیای كوردستانه‌وه‌ ئێوارانی پێنج شه‌ممه‌ دێن بۆ ئه‌و ماڵه‌ له‌ هه‌ر یه‌ك له‌ شاره‌كانی كه‌ركوك و سلێمانی و رانیه‌و خودی قه‌ڵادزه‌و گونده‌كانی قه‌ڵادزه‌ سه‌نگه‌سه‌رو ژاراوه‌و شاره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بانه‌و مه‌ریوان و سنه‌و ئورمیه‌و كرماشان كه‌ ئه‌وان به‌ هۆی دووری رێگه‌وه‌ كه‌متر ده‌توانن به‌شداری بكه‌ن ،هه‌موو رۆژانی هه‌ینی دوای هاتنی زه‌نگه‌كه‌ سه‌رجه‌م ئاماده‌بووان چاویان داده‌خه‌ن و ده‌ستێك له‌سه‌ر سه‌ریان داده‌نێن و ده‌سته‌كه‌ی تریش له‌سه‌ر دڵیان، ده‌نگێك دێت و ده‌ڵێن ئه‌وه‌ ئیمامی مه‌هدییه‌ له‌ لای خۆشه‌وسیتی خوا پێغه‌مبه‌ر محه‌مه‌د درودی خوای له‌سه‌ر بێت قسه‌ ده‌كات و ده‌نگه‌كه‌ ده‌ڵێت سڵاوی فه‌خری عاله‌متان پێده‌گه‌یه‌نم وا بابه‌ گه‌وره‌ له‌ ته‌نیشتمه‌وه‌یه‌و چاوی هه‌مووتان ماچ ده‌كات و موژده‌ی به‌هه‌شتی بۆ یه‌كه‌ به‌ یه‌كه‌تان پێیه‌ و داوای جیهاد و خۆ ته‌رخانكردن بۆ ئه‌و رێبازه‌ پیرۆزه‌تان لێده‌كات.

هه‌روه‌ها ده‌نگه‌كه‌ داوا له‌ ئاماده‌بووان ده‌كات چی ماڵ و موڵكی هه‌تانه‌ بیخه‌نه‌ ناو سندووقه‌كه‌ی عومه‌ر موساو ئه‌ویش ده‌یگه‌یه‌نێت به‌ شوێنی مه‌به‌ست.

دوای ئه‌وه‌ زۆر جار ئه‌و ده‌نگه‌ ره‌خنه‌ له‌ ئه‌ندامانی گروپه‌كه‌ ده‌گرێت به‌ زۆریش ئه‌و كاتانه‌ ره‌خنه‌ ده‌گرێت كه‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ندامه‌كان قسه‌كانی ئه‌و گروپه‌ بباته‌ ده‌ره‌وه‌ .

دوای نوێژی هه‌ینی و نان خواردنی ده‌سته‌جه‌معی ئه‌و گروپه‌ عومه‌ر موسا ده‌ڵێت: ئێستا یه‌كێك له‌ خه‌لیفه‌كانی ئیسلام لێره‌وه‌ ره‌ت ده‌بێت، به‌ راكردن و به‌ پێی په‌تی خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌چنه‌ به‌ر ده‌رگا و ده‌ستێك له‌ سه‌ر سه‌ریان داده‌نێن، پیاوێكی ریش درێژ و به‌ جل و به‌رگێكی ئه‌فغانی له‌ پێشی ئۆتۆمبێڵیك له‌ ئه‌وێوه‌ ره‌ت ده‌بێت و دوای ره‌ت بوونی خه‌ڵكه‌كه‌ خاكی ژێر ئۆتۆمبێله‌كه‌ به‌ سه‌رو چاوی خۆیاندا ده‌كه‌ن وه‌ك شفاده‌ر.

شه‌وانی پێنج شه‌ممه‌و  هه‌ینی شه‌وی دیداره‌ له‌گه‌ڵ مه‌هدی، له‌ ژورێكدا پیاوێك به‌ كفنێكی خوێناوی و شه‌قار شه‌قاربوو دانیشتووه‌، به‌ گوته‌ی ئه‌وان بۆنێكی ئێجگار خۆشی لێدێت و ئه‌ندامانی ئه‌و گروپه‌ به‌ ته‌نیا ده‌بینێت و نازانرێت چیان پێده‌ڵێت و به‌ڵام كه‌ دێنه‌ ده‌ره‌وه‌ زۆر دڵخۆشن و ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ گریان.

قوربانییه‌كان چۆن باسی ئه‌م گروپه‌ ده‌كه‌ن..

یه‌كێ له‌ په‌یره‌وانی پێشووتری ئه‌و گروپه‌ به‌ گریانه‌وه‌ به‌ ماڵپه‌ری ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستانی راگه‌یاند: ئێمه‌ چیمان هه‌بوو خستمانه‌ سه‌ر یه‌ك و له‌و سندوقه‌ی ئه‌واندا داماننا، به‌ڵام دوتر بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌وان ته‌نیا گروپێكن بۆ چه‌ند به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی تایبه‌ت كار ده‌كه‌ن و خه‌ڵكی به‌ ناوی خواپه‌رستییه‌وه‌ ده‌دۆشن.

گوتیشی: خه‌لكێكی زۆر له‌ چوارده‌وریان كۆبۆته‌وه‌و نازانن مه‌به‌ستی سه‌ره‌كى ئه‌و گروپه‌ چییه‌.

یه‌كێكی دیكه‌ش كه‌ قوربانی ده‌ستی گروپه‌كه‌یه‌ گوتی: ئێمه‌ بۆ زیاره‌ت كردن رۆژێكی هه‌ینی چووین بۆ یه‌كێ له‌ مه‌زاره‌كان و دواتر من و ژنێكی هاوڕێم به‌ پیاده‌رۆیی رۆیشتین له‌ رێگه‌ ژنه‌ هاورێكه‌م ده‌ستی كرد به‌ گریان و گوتى: من زۆر نا ئاسوده‌م ،منیش گوتم دڵی خۆت بكه‌ره‌وه‌ بزانم چیته‌، گوتی ده‌ترسم مه‌هدی له‌ گروپه‌كه‌ دوورم خاته‌وه‌ كه‌ قسه‌ بكه‌م چونكه‌ یه‌كێ له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و گروپه‌ نهێنی پاراستن بوو .

گوتم باشه‌، به‌ڵێن بێت یارمه‌تیت بده‌م و نهێنیت نه‌به‌مه‌ ده‌ره‌وه‌ ، بۆیه‌ گوتی به‌رده‌وام ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ كفنه‌كه‌ی له‌به‌ره‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و عومه‌ر موسایه‌ دێن بۆ لام و ده‌ڵێن فه‌رمانی بابه‌ گه‌وره‌یه‌ ده‌بێت تۆ خۆت ته‌رخان بكه‌یت و له‌گه‌ڵمان بخه‌وی.

شیاوی باسه‌ ئه‌و ژنه‌و مێرده‌كه‌ی له‌ ئێرانه‌وه‌ هاتبوون و خه‌ڵكی یه‌كێ له‌ شاره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بوون به‌ فه‌رمانی عومه‌ر موسا خانوێكیان بۆ ژنه‌كه‌ گرتبوو و مێرده‌كه‌یشی له‌ ماڵی ئه‌و بێوه‌ژنه‌ كه‌ كرابوو به‌ باره‌گای فه‌رمی ده‌مایه‌وه‌ و ببو به‌ فه‌رمان له‌سه‌ریان.

دوای بیستنی ئه‌وه‌ من زلله‌یه‌كم له‌ ژنه‌كه‌ داو گوتم چۆن جه‌سته‌ی خۆت وا كردووته‌ دیوان بۆ ئه‌وان، دواتر هاوسه‌ره‌كانمان ئاگادار كرده‌وه‌و ئه‌وامان جێهێشت.

به‌ڵام ئێمه‌ به‌ نیازین له‌ دادگا شكایه‌ت بكه‌ین ئاخر ئه‌وان یه‌ك دونیا پاره‌و زیًَریان له‌ ئێمه‌ كێشاوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌و پاره‌و زێرانه‌ ده‌كرا 10 خانوی روكن له‌ ناو قه‌ڵادزه‌دا بكرین.

شیاوی باسه‌ برایه‌كی ئه‌و بێوه‌ژنه‌ی كه‌ ماڵه‌كه‌ی كردووه‌ به‌ ته‌كیه‌ كه‌ خواپه‌رستێكی به‌هێز بوو و یه‌كێ بوو له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و گروپه‌ هاوینی پار ساڵ دوای ئه‌وه‌ی راستی رووداوه‌كانی پشت په‌رده‌ی بۆ ده‌ركه‌وت له‌ گه‌رماوی ماڵه‌كه‌ی خۆیدا ئاگری له‌ جه‌سته‌ی خۆی به‌رداو خۆی سووتاند.

خوشكێكی تری ئه‌و ژنه‌ دوای ئه‌وه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی بیستی كه‌ ژنه‌كه‌ی له‌ ناو ئه‌و گروپه‌دایه‌ لێی جیا بۆته‌وه‌و ئێستاش ئه‌و ژنه‌ تووشی نه‌خۆشییه‌كی ده‌روونی ئێجگار قورس بووه‌و له‌ سه‌ر جێگه‌ كه‌وتووه‌.

كوری ئه‌و بێوه‌ژنه‌ چه‌ندان جار شكایه‌تی له‌ ماڵی خۆیان كردووه‌و لای پۆلیس گوتوویه‌تی مالمان بۆته‌ شوێنی كاری نه‌شیاو.

به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و ژنه‌ له‌گه‌ڵ برا گه‌وره‌كه‌ی و برازاو خوشكه‌كانی پایه‌ی ئه‌و گروپه‌ن قسه‌ی كوره‌كه‌ كاری پێ ناكرێت.

شیاوی باسه‌ خێزان و كوره‌كانی مه‌هدی كه‌ له‌ ناحیه‌ی ناوده‌شتی سه‌ر به‌ ئیاره‌ی راپه‌رینن چه‌ندان جار به‌ ئاشكرا رایانگه‌یاندووه‌ ئه‌و گروپه‌ ناوی باوكمان و خانه‌واده‌كه‌ی ئێمه‌ به‌كار ده‌هێنن بۆ مه‌به‌ست و به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی خۆیان.

شایه‌نی باسه‌ مه‌زاری شێخ مسته‌فا له‌ ناحیه‌ی ناوده‌شته‌و پیاوێكی به‌ ته‌قواو دیندارو ناسراوی ناوچه‌كه‌ بووه‌ و به‌ ده‌ستی شێخ زانا له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوه‌لی خۆیدا تیرۆركراوه‌ و چه‌ندان كتێب و نامیلكه‌ی نووسراوی خۆی هه‌یه‌ له‌ هه‌موویان به‌ ناوبانگتر كتێبێكیه‌تی به‌ ناوی كه‌لیماتوڵڵا

تا ئێستاش خه‌لكانێكی زۆر موریدی ئه‌ون و له‌ هه‌موو كوردستان و ئێرانه‌وه‌ خه‌ڵكی دێن بۆ سه‌ر مه‌زاره‌كه‌ی و زیاره‌تی ده‌كه‌ن.

راپۆرت: ماڵپه‌ری ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان