هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێران له‌سه‌ر داوای ریفراندۆم كه‌سێك ده‌ستگیر ده‌كه‌ن

به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ داوای ریفراندۆمی كردووه‌

له‌كاتێكدا كه‌ سه‌رۆك كۆماری ئێران له‌ ماوه‌ی خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌مدواییه‌، ناڕه‌زایه‌تیی به‌ مافی هاووڵاتییان زانیبوو، به‌ڵام هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ كه‌م ئه‌ندامێكی جه‌نگی ئێران – عێراقییان ده‌ستگیر كرد، ئه‌ویش به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ داوای ریفراندۆمی كردووه‌.

محه‌مه‌د مه‌هده‌وی فه‌ر كه‌ له‌ ره‌خنه‌گرانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌ و به‌ كه‌م ئه‌ندامی جه‌نگی ئێران – عێراق هه‌ژمار ده‌كرێت، له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێرانه‌وه‌ ده‌ستگیر كراوه‌، به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی كه‌ ناوبراو داوای ریفراندۆمی كردووه‌ له‌ ناخۆی ئێراندا.

ماڵپه‌ڕی هێرانای ناخۆی ئێران رایگه‌یاندووه‌ كه‌ مه‌هده‌وی فه‌ر كاتێك كه‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ سه‌ردانی شاری مه‌شهه‌دی كردووه‌، له‌لایه‌ن هێز ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌ و بۆ شوێنێكی نادیار بردراوه‌.

ئه‌و كه‌م ئه‌ندامه‌ی جه‌نگ له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئه‌مدواییه‌دا نامه‌ی ره‌خنه‌گرانه‌ی ئاڕاسته‌ی به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران كردبوو، هه‌روه‌ها له‌ چه‌ندین په‌یامدا داوای ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی له‌ ئێراندا كردبوو.

ئه‌و پێشتریش به‌ تۆمه‌تی  بانگه‌شه‌ له‌ دژی حكومه‌تی ئێران و سووكایه‌تیی به‌ رێبه‌ری ئێران و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی درۆ، ده‌ستگیر و دادگایی و سزای زیندانیشی به‌سه‌ردا سه‌پێنرابوو، به‌ڵام كه‌سانی نزیك له‌ محه‌مه‌د مه‌هده‌وی فه‌ر وتوویانه‌ كه‌ ناوبراو به‌ هۆی چالاكییه‌كانی له‌ ناڕه‌زایه‌تیی و خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌مدواییه‌دا ده‌ستگیر كراوه‌.

سه‌رچاوه‌ / ده‌نگی ئه‌مریكا    
مه‌سعود / كوردستان تی ڤی