ئافره‌تێكی ئه‌كته‌ری پۆڕنۆ به‌رتیلی له‌ ترامپ وه‌رگرتووه‌

بۆ ئه‌وه‌ی ئافره‌ته‌كه‌ باسی په‌یوه‌ندیی نهێنی خۆی له‌گه‌ڵ دوناڵد ترامپ نه‌كات

به‌گوێره‌ی راگه‌یاندنه‌كانی ئه‌مریكا پارێزه‌ری دۆناڵد ترامپ سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا بڕی 130 هه‌زار دۆلاری داوه‌ به‌ ئافره‌تێك كه‌ ئه‌كته‌ری فیلمی پۆڕنۆیه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئافره‌ته‌كه‌ باسی په‌یوه‌ندیی نهێنی خۆی له‌گه‌ڵ دوناڵد ترامپ نه‌كات و سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ت بێده‌نگ بمێنێت.

رۆژنامه‌ی وۆڵ ستریت ژۆرناڵی ئه‌مریكی له‌سه‌ر زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ نه‌یانویستووه‌ ناویان ئاشكرا بكرێت، رایگه‌یاندووه‌ كه‌ پێش بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری ئه‌مریكا له‌ ساڵی 2016ـدا، ئه‌وكاته‌ی كه‌ تازه‌ دۆناڵد ترامپ ناوی وه‌ك كاندید ده‌رچووه‌، خاتوو ستیفانی كڵیفۆرد ئه‌كته‌ری فیلمه‌كانی پۆڕن له‌ به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی پاره‌دا به‌ڵێنیداوه‌ تا په‌یوه‌ندیی خۆی و سه‌رۆك كۆماری ئێستای ئه‌مریكا ئاشكرا نه‌كات.

وه‌ك ده‌وترێت ترامپ ساڵێك دوای زه‌ماوه‌ند له‌گه‌ڵ مێلانیای هاوسه‌ری ئێستای، له‌ كڵاپێكی گۆڵف له‌گه‌ڵ ستیفانی كڵیفۆرد ناسراو به‌ ستۆرمی دانیێڵز یه‌كتریان ناسیوه‌ و دواتریش به‌ نهێنیی په‌یوه‌ندییان درووستكردووه‌.

هه‌روه‌ها وۆڵ ستریت ژۆرناڵ له‌ زاری سه‌رچاوه‌ ئاشكرا نه‌كراوه‌كانه‌وه‌ نووسیویه‌تی كه‌ پێش بانگه‌شه‌كانی هه‌ڵبژاردن خاتوو ستیفانی كڵیفۆرد نیازی هه‌بووه‌ كه‌ له‌ گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنیی ئه‌ی بی سی ئه‌مریكی باسی په‌یوه‌ندیی خۆی و ترامپ بكات، به‌ڵام دواتر رایگه‌یاندووه‌ كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی له‌گه‌ڵ ترامپ نه‌بووه‌.

سه‌رچاوه‌ / دی ده‌بڵیوو

مه‌سعود / كوردستان تیڤی