وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق: شاندی سێ لایه‌نه‌ كوردییه‌كه‌ جه‌ختیان له‌پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق كرده‌وه‌

ئه‌و شانده‌ی هاتبوونه‌ به‌غدا شاندێكی حیزبی بوو

وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی عێراقی رایده‌گه‌ێنێ، عه‌بادی و نوێنه‌ری چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی هه‌رێمی كوردستان ( گۆڕان و كۆمه‌ڵ و هاوپه‌یمانی دیموكراسی ) جه‌ختیان له‌سه‌ر پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق و سه‌روه‌ری عێراق كرده‌وه‌.

سه‌عد حه‌دیسی، وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی عێراقی به‌ ده‌نگی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاندووه‌: ئه‌و شانده‌ی هاتبوونه‌ به‌غدا ( گۆڕان و كۆمه‌ڵ و هاوپه‌یمانی دیموكراسی ) چاویان به‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دكتۆر حه‌یده‌ر عه‌بادی كه‌وت، شاندێكی حیزبی بوو كه‌ له‌ نوێنه‌ری چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی هه‌رێم پێكهاتبوو، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا باس له‌چه‌ند ته‌وه‌رێك كرا له‌وانه‌ پڕۆسه‌ی وردبینی كردنی ناوی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان، تا له‌زووترین كاتدا فه‌رمانبه‌ران له‌هه‌رێم مافی خۆیان كه‌ مووچه‌كانیانه‌ پێبگات، بۆ ئه‌مه‌ش پێویستی به‌كاری هاوبه‌شی هه‌ردوولایه‌ له‌سه‌ر ئاستی لیژنه‌ هونه‌رییه‌كانی نێوان حكومه‌تی عیراقی و حكومه‌تی هه‌رێم تا له‌زوترین كاتدا ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ ته‌واو بێت.

گوتیشی: هه‌روه‌ها باس له‌چه‌ند بابه‌تێكی تری په‌یوه‌ندیدار كرا له‌وانه‌ ته‌واوكردنی پڕۆسه‌ی ناردن و خه‌رجی جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ك باس له‌كۆتایی هێنان به‌كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان حكومه‌تی ناوه‌ندی و حكومه‌تی هه‌رێم كرا له‌ژێر ڕۆشنایی ده‌ستور، هه‌ردوولاش جه‌ختیان له‌سه‌ر پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق و سه‌روه‌ری عێراق كرده‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: ده‌نگی ئه‌مریكا