حیزبی دیموكرات: ئێران ده‌یه‌وێت ناكۆكی بخاته‌ نێو حیزبه‌كانی باشوور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان

ریفراندۆم گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وتی مێژوویی نه‌ته‌وه‌یی كورده‌

دارا ناتق، ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی دیموكراتی كوردستان - ئێران  به‌ ماڵپه‌ری ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستانی راگه‌یاند: هه‌موو لایه‌ك شاهیدی گرژی و ناكۆكییه‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كانی رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێرانن و خۆپیشاندانه‌ به‌گوڕه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی خه‌ڵكانی ئێران به‌سه‌رجه‌م پێكهاته‌ ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی و سیاسییه‌كانه‌وه‌ به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر توانه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌و رژێمه‌ دیكتاتۆره‌ی كه‌ حوكمرانی ئێران ده‌كات، جیهان ئه‌و كڵپه‌یه‌ به‌ دوا ساته‌كانی ته‌مه‌نی رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران ناوده‌بات.

گوتیشی: ده‌رباره‌ی ئه‌و فیلمه‌ دیكۆمێنتارییه‌ی كه‌ رژێمی ئێران له‌و رۆژانه‌دا بڵاوی كردۆته‌وه‌و له‌ فیلمه‌كه‌شدا یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ باشوور ده‌كات به‌ هه‌ماهه‌نگ و  رێپیشانده‌رو  كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی له‌ هێرشه‌ تیرۆرستییه‌كه‌ی ساڵی 1996 كه‌ هێرشێكی نه‌زۆكی سوپای پاسداران بوو بۆ سه‌ر بنكه‌ی سه‌ره‌كی حدكا له‌ نزیك كۆیه‌.

هه‌روه‌ها گوتی: ئێمه‌ لێره‌دا ده‌پرسین ئاخۆ مه‌به‌ستی رژێم له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و فیلمه‌ دوای 20 ساڵ چیه‌؟ بێ گومان ئێران له‌ په‌رته‌وازه‌یی خۆیداو له‌ دواساته‌كانی په‌له‌قاژه‌ی مه‌رگیدا ده‌یه‌وێت ناوماڵی كورد تێك بدات و ناكۆكی و دووبه‌ره‌كی بخاته‌ نێو ماڵی كورده‌وه‌ و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ ده‌یه‌وێت ئاژاوه‌ بخاته‌ ناو حیزبه‌كانی رۆژهه‌ڵات و باشووری كوردستان.

ده‌شڵێ: ئێران ده‌بینێت كورد له‌ رۆژهه‌ڵات خه‌ریكی خۆ رێكخستنه‌وه‌یه‌ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ده‌نگی ناره‌زایی و بانگی ئازادی ده‌دات به‌و كارانه‌ی ده‌یه‌وێت كورد خاو بكاته‌وه‌و ده‌نگی كپ بكات.

هه‌روه‌ها گوتیشی: ئه‌و هه‌وڵه‌ی ئێران هه‌ده‌فمه‌ندانه‌یه‌ و به‌ڵام دیسانه‌وه‌ ئه‌و ئامانجه‌ی ئه‌وان ده‌یانه‌وێ بیپێكن نه‌زۆك ده‌بێت،چونكه‌ كورد له‌وه‌ تێگه‌یشتووتره‌ بكه‌وێته‌ وه‌ها بۆسه‌یه‌كه‌وه‌.

دارا ناتق هه‌روه‌ها گوتی: حیزبی دیموكراتی كوردستان - ئێران حیزبێكی دیموكراتخوازه‌و هه‌موو حیزبه‌كانی كوردستان به‌ دۆستی خۆی ده‌زانێ.

گوتیشی: ئێمه‌ وه‌ك حیزبی دیموكرات به‌شداری كارای ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستانمان كرد، هه‌م له‌ رێگه‌ی گوتار هه‌م كردار ، ئێمه‌ ریفراندۆم  به‌ یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وتی مێژوویی نه‌ته‌وه‌یی كوردی ده‌زانین و له‌ قه‌ڵه‌می ده‌ده‌ین.