ترامپ هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات ئه‌وه‌ دوایینجاره‌ ماوه‌ی هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆكانی سه‌ر ئێران درێژ ده‌كاته‌وه‌

ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌كرێت ئه‌وا ئه‌مریكا له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌

سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا رۆژی هه‌ینی رایگه‌یاند بۆ دوایینجار ماوه‌ی هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆ ئه‌تۆمییه‌كانی سه‌ر ئێرانی درێژ كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام وتی ئه‌مجاره‌ ته‌نیا له‌ پێناو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هاوپه‌یمانه‌ ئه‌وڕوپییه‌كانمان ناڕێكییه‌كانی ئه‌و رێككه‌وتنامه‌یه‌ هه‌موار بكه‌نه‌وه‌ و ئه‌وه‌ش دوایین ده‌رفه‌ته‌ بۆ ئێران.

ترامپ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ له‌ پێناو پاراستنی رێككه‌وتنه‌كه‌ی هاوبه‌شه‌ ئه‌وڕوپییه‌كانمانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان هه‌ڵه‌ مه‌ترسیداره‌كانی رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمیی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یه‌ك راست بكه‌نه‌وه‌.

ترامپ له‌ درێژه‌دا وتیشی ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ر كاتێكدا هه‌ست بكه‌م ئه‌و رێككه‌وتنه‌ پابه‌رجا نامێنێت، به‌خێرایی لێی ده‌رده‌چم.

دۆناڵد ترامپ ئه‌وه‌شی وت: به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ زۆریش حه‌ز ده‌كه‌م، به‌ڵام من ئه‌مریكام له‌ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ده‌رنه‌هاویشتووه‌. له‌ به‌رامبه‌ردا دوو رێكارم خستووه‌ته‌ڕوو، یان ئه‌وه‌تا هه‌ڵه‌كانی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ راست ده‌كرێنه‌وه‌، وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌كرێت، ئه‌وا ئه‌مریكا له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌.

سه‌رچاوه‌ / رادیۆ فه‌ردا

مه‌سعود / كوردستان تیڤی