ئه‌مریكا گه‌مارۆی خسته‌ سه‌ر سه‌رۆكی ده‌زگای دادوه‌ریی ئێران

چه‌ندین كۆمپانیای چینی و ئێرانیش گه‌مارۆیان خراوه‌ته‌سه‌ر

وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكا رۆژی هه‌ینی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا و له‌ نوێترین گه‌مارۆكانیدا له‌ دژی حكومه‌تی ئێران، 14 به‌رپرس و دامه‌زراوه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێرانی خسته‌ ناو لیستی گه‌مارۆكانه‌وه‌. له‌ناویشیاندا سادق لاریجانی سه‌رۆكی ده‌زگای دادوه‌ریی ئێران ده‌بینرێت.

له‌ به‌یاننامه‌ی وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكادا جه‌خت كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ سادق لاریجانی سه‌رۆكی ده‌زگای دادوه‌ریی ئێران كه‌ له‌ نزیكترین هاوپه‌یمانانی عه‌لی خامه‌نه‌ئی رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌ كه‌ فه‌رمانده‌ر و رێنیشانده‌ر و رێبه‌ری ده‌ستدرێژییه‌كانه‌ بۆسه‌ر مافی تاكه‌كان و هاوڵاتییانی ئێرانه‌ و ئه‌وه‌ش یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی گه‌مارۆ خستنه‌ سه‌ریه‌تیی.

هه‌روه‌ها لاریجانی بۆ ئه‌و رۆڵه‌ی كه‌ له‌ سه‌ركوت كردنی به‌رفراوانی مافه‌كانی هاوڵاتییانی ئێرانیی له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی 2009ـدا بینیبووی، ساڵی 2012 له‌لایه‌ن یه‌كێتیی ئه‌وڕوپاوه‌ گه‌مارۆی خرابووه‌سه‌ر تا نه‌توانێت سه‌ردانی ئه‌م كیشوه‌ره‌ بكات.

هه‌روه‌ها له‌ گه‌مارۆكانی ئه‌مجاره‌ی وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكادا چه‌ندین كۆمپانیای چینی و ئێرانیش كه‌ چالاكی سه‌ربازیان هه‌یه‌، گه‌مارۆیان خراوه‌ته‌سه‌ر.

سه‌رچاوه‌ / ده‌نگی ئه‌مریكا

مه‌سعود / كوردستان تیڤی