به‌رهه‌می په‌یكه‌رتاشێكی كورد له‌چه‌قی شه‌قامێكی ئه‌ڵمانیا دانرا

ناوی (هاواری ئازادی)یه‌

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 13/1/2018 سامان هیدایه‌ت، هونه‌رمه‌ندی په‌یكه‌رتاشی كورد، تازه‌ترین په‌یكه‌ری له‌سه‌ر شه‌قامێكی شاری (مۆنهایم)ی ئه‌ڵمانیا دانرا.

ئه‌و په‌یكه‌ره‌ ده‌بێته‌ یه‌كه‌مین په‌یكه‌ر كه‌ ھونه‌رمه‌ندێكی كورد دروستی كردبێت، ماوه‌ی دروستكردنه‌كه‌شی دوو ساڵی خایاندووه‌، ھه‌روه‌ھا باس له‌ نه‌هامه‌تیی ژیانی سه‌ختی په‌نابه‌ران ده‌كات و  ناوی (هاواری ئازادی)یه‌

ئه‌و په‌یكه‌ره‌، كه‌ به‌ بڕی 250 ھه‌زار یۆرۆ دروست كراوه‌، له‌سه‌ر ئه‌ركی شاره‌وانی (مۆنهایم) دروست كراوه‌، درێژیی په‌یكه‌ره‌كه‌ش سێ مه‌تر و 60 سانتیمه‌تره‌، كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ ژنێك كه‌ جلی كوردی له‌به‌ردایه‌، پیاوێكیش له‌سه‌ر چۆكه‌ و منداڵێكی له‌باوه‌شدایه‌.

سامان ھیدایه‌ت په‌یمانگه‌ی ھونه‌ره‌جوانه‌كانی له‌ ھه‌ولێر ته‌واو كردووه‌ و به‌شی شێوه‌كاریی لقی په‌یكه‌رسازی كۆلێژی هونه‌ره‌جوانه‌كانیشی ته‌واو كردووه‌، له‌ ساڵی 2015وه‌ش، له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی بڕیاریان دا له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات بژین و ئێستاش له‌ ئه‌ڵمانیا نیشته‌جێن.

كوردستان تیڤی/ كامه‌ران حاجی

Hawire azide
paekare hawire azide