پارتی پارێزگاران و سۆسیال دیموکراتى ئەڵمانیا بۆ پێکھێنانی حکومەت رێککەوتن

دابەشکردنی پۆستە حکومییەکان دەستپێدەکات

دوای کۆبوونەوەیەکی بەردەوامی 24 کاژێری، پارتە سیاسییەکانی ئەڵمانیا لەسەر پێکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی رێککەوتن. 

سێ مانگ پێش ئێستا هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی ئەڵمانیا بەڕێوەچوون، گۆڕانی نەخشەی سیاسی و دەنگی پارتەکان وایکرد پێکهێنانی حکومەت ئاسان نەبێت، بەڵام رۆژی هەینی 12-1-2018 دەرچەیەک بۆ ئەو قەیرانە دۆزرایەوە، ئەوەش دوای ئەوەی پارتە براوەکان رێککەوتنێكی سەرەتاییان واژۆکرد بۆ پێکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی.

رێککەوتنەکە لە نێوان کۆنسێرڤاتیڤەکان و سۆشیاڵ دیموکراتەکاندا واژۆکراوە. لە کۆبوونەوە 24 کاژێرییەکەدا هەردوو بلۆکەکە لەسەر رێککەوتنێکی 28 لاپەڕەیی بۆ هەنگاونان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەت رێککەوتوون.

رێککەوتنە سەرەتاییەکە بنچینەییە، لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنە گفتوگۆی نوێ بۆ پێکهێنانی حکومەت و دابەشکردنی پۆستە حکومییەکان دەستپێدەکات، کە پێدەچێت دوو مانگی دیکە بخایەنێت.

پارتە سیاسییەکان کە بەشداریی لە حکومەتە دەکەن بریتین لە: یەکێتیی کریستییان دیموکرات بە سەرۆکایەتی ئەنگێلا مێرکڵ، پارتی یەکێتیی مەسیحی کۆمەڵایەتی لە باڤاریا و پارتی سۆشیاڵ دیموکرات.