بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامی داوا ده‌كات كورد به‌ یه‌ك لیست به‌شدارى هه‌ڵبژاردنى عێراق بكات

سه‌رۆكى فراكسیۆنى بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامی هۆشداریی ده‌داته‌ هه‌موو لایه‌ك

فراكسیۆنى بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، داواى هاوپه‌یمانێتیی گشتیی ده‌كات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، به‌لای بزوتنه‌وه‌كه‌یانه‌وه‌ گرنگه‌، بۆ به‌شداریی له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتووى عێراق، كورد به‌ یه‌ك لیست به‌شدار ببێت.

ئاری عه‌بدوله‌تیف، سه‌رۆكی فراكسیۆنی بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا، ڕایگه‌یاند: "پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق نزیك ده‌بێته‌وه‌ و هه‌موو لایه‌ك خه‌ریكی هاوپه‌یمانێتیی و خۆئاماده‌كردنن، ئه‌وه‌ی به‌لای فراكسۆنی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامییه‌وه‌ گرنگه‌، بۆ به‌شداریی له‌و پرۆسه‌یه‌، یه‌ك لیستیی و یه‌كگوتاریی كورد و هه‌موو لایه‌نه‌ كوردییه‌كانه‌".

ڕوونی ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئامانج له‌م هه‌ڵوێسته‌، چاره‌نووسی كورد و قه‌واره‌ی هه‌رێمه‌ له‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند و هه‌ژموونی به‌غدا و ئه‌نتی كورد، له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا.

جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌، كه‌ بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامیی وه‌ك هێزێكی ئیسلامیی و پارێزگار له‌ مافه‌ یاسایی و نه‌ته‌وه‌یی و ده‌ستووریی و مرۆییه‌كانی گه‌لی كوردستان له‌ باشوور، ئه‌ركێتی به‌ هه‌موو لایه‌كی ڕابگه‌یه‌نێت، كه‌ زیاتر له‌ هاوپه‌یمانییه‌كی كوردیی له‌م پرۆسه‌یه‌دا، زیانی گه‌وره‌ به‌ ماف و ئه‌جیندای سیاسیی كورد ده‌گه‌یه‌نێت: "پێویسته‌ كۆی حیزب و لایه‌نه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ یه‌ك لیست به‌شداریی بكه‌ن، ئه‌گه‌رنا، بزوتنه‌وه‌ یان بایكۆتی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ده‌كات، یان بژاره‌ى تری ده‌بێت، كه‌ دواجار به‌ فه‌رمیی ڕایده‌گه‌یه‌نێت".

سه‌رۆكى فراكسیۆنى بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامی، هۆشداریی ده‌داته‌ هه‌موو لایه‌ك، كه‌ كورد، دوو لیستیی و زیاتر هه‌ڵناگرێت و له‌م قۆناغه‌ ناسه‌قامگیر و دژواره‌دا، ئه‌ركی ئه‌خلاقییه‌ هه‌مووان به‌ یه‌ك لیستی نیشتیمانی به‌شداریی بكه‌ن، ئه‌وانه‌شی بڕوایان وانییه‌، له‌ ده‌رئه‌نجامی پرۆسه‌كه‌ باشتر هه‌ست ده‌كه‌ن و ئه‌وكاتیش په‌شیمانیی داد نادات و ده‌ڕۆنه‌ به‌رده‌م به‌رپرسیارێتیی له‌ده‌ستدانی قورسایی كورد له‌ ترازووی هێزی عێراقدا.

بڕیاره‌ له‌ 12ى ئایارى 2018 هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌ڕێوه‌ بچێت، دوێنێ ێنجشه‌ممه‌ واده‌ى تۆماركردنى هاوپه‌یمانێتیی له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه‌ كۆتایی پێهات.