حكومه‌تی عێراق بڕیارێكی دیكه‌ له‌ دژی جوتیارانی كوردستان ده‌دات

پارەی گەنمی جووتیارانی سێ ساڵ دەگاتە 700 ملیار دینار

ئەندامێكی لیژنەی وه‌به‌رهێنانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت، حكوومەتی عێراق پارەی جووتیارانی هەرێمی كوردستانی بۆ ساڵه‌كانی 2014 و2015 و2016 خەرج نەكردووە، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بڕیارێكی داوە، كە بڕی پارەكە به‌رێژه‌ی له‌سه‌دا 50 كەم بكاتەوە و گەنمەكەش بەنیوە قیمەت بۆ جووتیاران حیساب بكات. 

نەجیبە نەجیب، ئەندامی لیژنەی وه‌به‌رهێنانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، رایده‌گه‌یه‌نێت حكوومەتی عێراق گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستانی بۆ ساڵه‌كانی 2014 و 2015 و 2016 بۆ هەر تۆنێك بە 750 هەزار دینار كڕیوە، سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا پارەكەی نەداوە، كه‌چی بڕیاری داوە هەر تۆنێك بە 400 هەزار دینار هه‌ژمار بكات، بۆیە بڕیارە لە دادگا سكاڵا لە دژی حكوومەت تۆمار بكەین. 

نه‌جیبه‌ ده‌شڵێت ئەم كاره‌ بەهیچ شێوەیەك یاسایی نییە و غەدرێكی گەورەیە لە جووتیارانی هەرێمی كوردستانی ده‌كرێت. 

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ پارەی گەنمی جووتیارانی سێ ساڵ دەگاتە 700 ملیار دینار، بەڵام بەپێی بڕیارە نوێیەكەی حكوومەتی عێراق ئەو بڕە بۆ نیوە كەم دەبێتەوە.