نووسه‌ر خالید ته‌علۆ كتێبی (لیلی و لیالی الالم) بڵاو كرده‌وه‌

تا دونیا ئازاره‌كانی ئافره‌ته‌ رفێندراوه‌كانی ئێزدی له‌بیر نه‌كات

به‌ چاودێری وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان و بنكه‌ی لالش/ھه‌ولێر، له‌ ژێر دروشمی (تا دونیا ئازاره‌كانی ئافره‌ته‌ رفێندراوه‌كانی ئێزدی له‌بیر نه‌كات) رێوڕه‌سمی پێشكه‌شكردنی كتێبی (لیلی و لیالی الالم)،بۆ نووسه‌ر خالید ته‌علۆ، ساز كرد.

كتێبی (لیلی و لیالی الالم)، له‌لایه‌ن خالید ته‌علۆ قائیدی، نووسه‌ر و توێژه‌ر نووسراوه‌، باس له‌به‌سه‌رھاتی خوشكێكی خۆی ده‌كات، كه‌ چۆن له‌لایه‌ن تیرۆریستانی داعشه‌وه‌ رفێندراوه‌، دواتر تا ئازادكردنی زیاتر له‌ ھه‌شت جار كڕین و فرۆشتنی پێوه‌ كراوه‌.

له‌یلا ته‌علۆ ده‌ڵێت: گومانی تێدانییه‌، كه‌ ئازادبوونم له‌ده‌ست تیرۆریستانی داعش ھه‌ستێكی خۆشه‌، به‌ڵام ئه‌و ھه‌سته‌ به‌رده‌وام نییه‌، كه‌ گشت خانه‌واده‌م و چه‌ندان خوشكی ئێمه‌ ھه‌ر له‌ ده‌ست داعش ماون، بۆیه‌ چاومان له‌ رزگاركردنی ئه‌وانه‌، چونكه‌ تائێستا كچانی ئێمه‌ له‌ سووریا كڕین و فرۆشتنیان پێ ده‌كرێت ،پێویسته‌ ھه‌وڵ بۆ ئه‌وه‌ بدرێت، كه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ده‌ست داعش ماون رزگار بكرێن  له‌ كۆتایی ده‌ڵێت: تاكه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ئاست ئه‌و كاره‌ساته‌ بێ ده‌نگ بێت؟

كوردستان تیڤی / كامه‌ران حاجی