لەسەر گەندەڵی بەرپرسێکی عێراقی لە دەرەوەی وڵات دەهێنرێتەوە

عەبدولفەلاح حەسەن حەمادی وەزیری بازرگانی پێشوو


دەستەی نەزاهەی عێراق رایگه‌یاند مەرسومی کۆماری لەلایەن سەرۆکایەتی کۆماری لوبنانەوە دەرکراوە، بە ڕادەستکردنەوەی عەبدولفەلاح حەسەن حەمادی وەزیری بازرگانی پێشووتری عێراق بە دەسەڵاتدارانی بەغداد.

دەستەی نەزاهەی عێراق ئەمڕۆ پێنج شەممە ئاشکرایکرد،  بە بڕیارێكی سەرۆك كۆماری لوبنان فەلاح سودانی وەزیری پێشووی بازرگانی رادەستی عێراق دەكرێتەوە.

دەستەی دەستپاكی عێراق ده‌ڵێت: میشیل عۆن سەرۆك كۆماری لوبنان بڕیاری داوە عەبدولفەلاح حەسەن حەمادی وەزیری پێشووی وەزارەتی بازرگانی رادەستی عێراق بكرێتەوە.  

دەستەی دەستپاكی وێرای ئاشكراكردنی زانیارییەكان دەقی ئەو بڕیارەی وەك بەڵگە بڵاو كردووەتەوە، كە بە پێی بەڵگەكە میشیل عۆن سەرۆك كۆماری لوبنان بە پشت بەستن بە نۆ خاڵی دەستووریی و یاسایی، بڕیاری داوە عەبدولفەلاح بدرێتەوە عێراق.

تیایدا ئاماژەش بەوە کراوە، لەسەر بنەمای ئەو ڕێککەوتننامە دادیەی کە لە نێوان کۆماری لوبنان و کۆماری عێراقدا ئیمزا کراوە، پێویستە تۆمەتباران و تاوانکاران ڕادەستی یەکتر بکرێتەوە.

عەبدولفەلاح حەسەن حەمادی سودانی لە ساڵی 1947 لە پارێزگای بەسرەی باشووری عێراق لەدایکبووە، لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستی  کیمیادا لە زانکۆی بەسرە بەدەستهێناوە.

هەر لە سەرەتای خوێندنی ناوەندییەوە چووەتە ڕیزی حزبی دەعوەی ئیسلامییەوە.

لە ساڵی 2005 بووەتە ئەندامی پەرلەمانی عێراق و لە کابینەی حکومەتەکەی ئیبراهیم جەعفەری پۆستی وەزارەتی پەروەردەی وەرگرتووە، دواتر پۆستی وەزارەتی بازرگانی وەرگرتووە.

لەلایەن لیژنەی نەزاهە و دادگاکانی عێراقەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە، بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی و بوونی گەندەڵی لەو کاتەی وەزیری بازرگانی عێراق بووە.

عەبدولفەلاح حەسەن حەمادی، كە پێشتر لەلایەن دەستەی دەستپاكی و لیژنەی دەسپاكی عێراق بە گەندەڵی تۆمەتبار كرابوو، لە 7/9/2017 بە هاوكاریی پۆلیسی لوبنان و ئینتەرپول دەستگیر كرا.