مەسروور بارزانی: هەڵبژاردن دەبێتە چارەسەری زۆرێك لە كێشەكان

راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان له‌به‌رنامه‌ی هەڤپەیڤینی رووداو

مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا له‌به‌رنامه‌ی هەڤپەیڤینی رووداو، رایگه‌یاند هەڵبژاردن دەبێتە چارەسەری زۆرێك لە كێشە و گرفتەكان و لە كاتی هەڵبژاردنیش لایەنەكان قەبارەی خۆیان دەزانن.

مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان باس لە بەدیلەكانی ریفراندۆم دەكات، كە لەلایەن وڵاتانەوە پێشنیاز كرابوو دەڵێ‌، لە سەرەتاوە وەك رەشنووسێك پێشنیاز كرا و وەك ئەلتەرناتیڤی ریفراندۆم و چەند جارێك ئالوگۆری پێ كرا، بەڵام ئەوە نامە نەبوو، رەشنووسەكەش هیچ گرەنتییەكی تیدانەبوو كە نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمەریكا و ئەوروپا شتێك لەسەر بەغدا بسەپێنن.

زیاتر گوتی، رەشنووسەكە ناوەرۆكەكەی دەڵێت ئێوە بۆ ماوەی ساڵێك ریفراندۆم دوابخەن و دەست بە گفتوگۆ بكەن لەگەڵ عێراق، بەڵام ئەگەر بەغدا نییەتی پاك نەبوو لە گفتوگۆكان ئەوكاتە تەنیا وەك پێناسەكردن ئەوە باس دەكەین، كە ریفراندۆم مافی خۆتانە.

مەسروور بارزانی: ئەمە مافێکی سرووشتی و یاسایی هەموو نەتەوەیەکە.

دوای ٢٠٠٣ هەموو چاوەڕێمان دەکرد دەستوور مافەکانمان بۆ زامن بکات، بەڵام وردە وردە بینیمان دەستوور جێبەجێ نەکرا و مافەکانمان پشتگوێ خرا و بە شێوەیەکی سیستەماتیک هەوڵی ئەوە درا کە ڕۆڵی کورد کەم بکرێتەوە و لە پێگەی دەسەڵات کەم بکرێتەوە. دواتر بودجەش لە هەرێمی کوردستان کەم بووەوە و دواتر بە تەواوی بڕا.. هەوڵی ئەوە نەدرا پێشمەرگە وەک بەشێک لە مەنزوومەی دیفاعیی عێراق مامەڵەی لەگەڵ بکرێ. هەروەها ڕێگری لە گەیشتنی چەک بۆ پێشمەرگە کرا، مادەی ١٤٠ و پێشێلکردنی ٥٥ ماددەی دەستووری، ئەمە وای کرد پەنا بۆ شتێک ببەین، تاوەکو گەلی ئێمە ئەوەیان بەسەر نەیەت کە پێشتر بەسەریان هاتووە. پێمانوابوو ئێمە بچین پرس بە خەڵکی خۆمان بکەین، ئەمە بیرۆکەی ڕیفراندۆمی دروست کرد. لە ٢٠١٤ەوە کە جەنابی سەرۆک داوای لە پەرلەمان کرد، لێژنەیەک بۆ ڕیفراندۆم دروست بکرێ، لەو کاتەوە بیرۆکەکە هەبووە. مادام حکوومەتی عێراق ئامادە نەبێ بە شێوەیەکی بنەڕەتی مافەکانی خەڵکی ئێمە جێبەجێ بکات، دوو ڕێگە هەبوو، یان پەنابردن بۆ شەڕ کە ئێمە ڕەتمان دەکردەوە، یان پەنابردن بۆ ڕیفراندۆم.

بابەتی کات بۆ ڕیفراندۆم تەنیا بیانووە، چونکە کاتێکی زۆری بەسەر تێپەڕی، ئەو هەموو ساڵەی کە مافەکانمان پێشێل کراوە، کەس وتی بۆچی مافەکانتان پێشێل کراوە؟ سەرەڕای ئەوەش چەندان جار گفتوگۆ کراوە و شاندی هەرێم چەندان جار چووە. ئەمریکییەکان ٣ شتیان دەگوت، نەیاندەگوت دژی کردنی ڕیفراندۆمین یان مافی چارەنووسین، دەیانگوت دژی کاتی ڕیفراندۆمین، ئەویش لەبەر: یەکەم شەڕی داعش، دووەم ڕەنگە عەبادی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دەرنەچێتەوە و سێیەمیش کێشەی زیاتر لە نێوان حکوومەتی فیدرالیی عێراق و حکوومەتی هەرێم دروست ببێ. کاتێک ئەمانەیان بۆ باس دەکردین، پێمانوابوو ئەو دەلیلانە موقنیع نین و بیانوو نین بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم نەکەین، چونکە ئێمە نەمانگوتووە ڕۆژی دوای ڕیفراندۆم بڕیار لەسەر ئەنجامەکان دەدەین.

بۆ شەڕی داعش پێمانوابوو بەهیچ شێوەیەک پەیوەندی بە داعشەوە نییە، چونکە داعش کە پەلاماری کوردستانی دا، بڕیاری خەڵکی کوردستان بوو کە بەرگری بکات و قارەمانێتیی پێشمەرگە بوو کە ئەفسانەی داعشی تێکشکاند، ئەمە بڕیاری خۆمان بووە نەک بەغدا.

داعش لە شوێنێک دروست بوو کە بۆشایی ئابووری و ئەمنی و سیاسی تێدا بوو، ئینهیاری هێزە چەکدارەکانی عێراق بوو کە ئەم هەموو چەکەی دایە دەست داعش، ئینجا پێشمەرگە بەرگری کرد و پێشمەرگەش داعشی تێکشکاند. بڕیاری ڕیفراندۆم کاریگەری لەسەر هەڵوێستی ئێمە ناکات بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی داعش یان تیرۆریزم لە داهاتوو.

بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران، پێمانوابوو کە ئێمە کاریگەرییەکی ئەوتۆمان لەسەر کاندیدکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق نییە، چونکە کوتلەی براوە لە هەڵبژاردنەکانی عێراق دەبێ ئەوان سەرۆک وەزیران هەڵبژێرن، سیستەمی ئێستەی هەڵبژاردن وا دانراوە کە شیعە زۆرینەیە، ئێمە وەکوو کورد و سوننە ناتوانین ببینە ئەو دەسەڵاتەی کە سەرۆک وەزیران کاندید بکەین، هەر دەبێ شیعەکان سەرۆک وەزیران کاندید بکەن، ئەمە فاکتەرێکە، بەڵام دوو فاکتەری دیکەش هەیە، یەکێکیان بابەتی مەرجەعیەتی ئایینییە لە نەجەف، هەروەها کاریگەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە دەبێ هاودەنگ بن. دیسان ڕیفراندۆممان کاریگەری لەسەر ئەوە نەدەبوو کە کێ دەبێ بە سەرۆک وەزیرانی عێراق.

خاڵی سێیەم، بابەتی ناوچە دابڕێندراوەکان ئێمە دەمانگوت ئەگەر بابەت بوونی پێشمەرگە لەو شوێنانە کێشەیە، ئەوا هۆکاری چوونی پێشمەرگە بۆ ئەو شوێنانە چییە؟ ئینهیاری دەسەڵاتی حکوومەتی عێراق بووە و هاتنی داعش بووە، بەرگری لە خەڵکی ناوچەکە کردووە و لە هەندێک ناوچەدا کە داعش داگیری کردبوو، کۆنتڕۆڵی کردووە، نەمانگوتووە دۆخەکە دەکەینە ئەمری واقیع و فەرزی دەکەین. ئەم ڕیفراندۆمە وەکوو ڕەغبەتی خەڵکی کوردستان بووە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا دەیانەوێ چۆن لەگەڵ عێراقدا بژین.

مەسروور بارزانی گوتی: پێشتر لە نێوان جەنابی سەرۆک و هەموو حزبە سیاسییەکانی کوردستان (گۆڕان و کۆمەڵ هەندێک خۆیان دوور خستەوە)، هەموو لایەنەکانی دیکە بەشدار بوون و بڕیاریان دا. لە ٧ی مانگی حوزەیران کە کۆبوونەوەی حزبەکان لەخزمەت جەنابی سەرۆک ئەنجام درا، کەس نەیدەزانی ٢٥ی ئەیلوول بۆ ڕیفراندۆم دیاری دەکرێت، لەو کۆبوونەوەیەدا هەموو لایەنەکان بڕیاریان لێدا و کۆک بوون لەوەی بەشێک بن لەو سەروەرییە و دواتر ئەنجامەکانی چۆن بوو و خەڵک چ هەڵوێستێکی وەرگرت، ئەمە شتێکی دیکە بوو، بەڵام لە سەرەتاوە هەموو کۆک و هاودەنگ بوون.

 

ئەوەی لێرە گرنگە باسی بکەین، دەڵێت لەسەر نیەتی پاکی حکوومەتی عێراق دەبێ گفتوگۆ بکەن، بەڵام ئەوە گفتوگۆمان کرد و دوای ماوەیەک عەبادی کە هەڵبژاردنی هەیە، ئایا ئەگەر عەبادی دەرنەچوو، ئیتیفاقێک لەگەڵ سەرۆک وەزیرانێک بکرێ کە دەرنەچووە، دیسان کورد مافێکی لەدەست دەچوو.

ئینجا پابەند نییە، ئەگەر دەریش بچووایە عەبادی دەهاتەوە دەیگوت لە دەسەڵاتی مندا نییە وەکوو سەرۆک وەزیران ئەو کارانە بکەم، دەبێ ئەم بابەتە بچێتەوە پەرلەمان و ئەگەر ڕەزامەندییان دا باشە ئەگەرنا ئەمن کاری خۆم کردووە، بەڵام هەموومان دەزانین لە پەرلەمانی عێراق بنەمای شەراکەت بوونی نەماوە، بابەتی زۆرینە و کەمینەیە و بڕیارەکان لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان نادرێ، ئەو کاتە ئەمریکاش دەیگوت عەبادی نیازپاکیی نیشانداوە و ئێمە ناتوانین لەمە زیاتر هیچی بۆ بکەین. دواتر دەیانگوت دەبێ دەستوور هەمووار بکرێ، لە دەستووردا ئەگەر 3 پارێزگا هەمواری دەستووریان ڕەت کردەوە، ئەوا هەموارەکە ناکرێ، هەموومان دەزانین چەندین پارێزگا لە عێراق دژی ئەوە دەبوون و لێرەدا ئەم مافە بۆ کورد دەستەبەر نەدەبوو.