له‌ خۆپیشاندانه‌كانی ئێران سێ هه‌زار و ٧٠٠ كه‌س ده‌ستگیركراون

له‌ نێوان ده‌ستگیركراواندا خوێندكار و چه‌ندین به‌رپرسی جیاجیا هه‌ن

له‌ میانی خۆپیشاندانه‌كانی ماوه‌ی رابردوودا له‌ كۆماری ئیسلامی ئێران، سێ هه‌زار و ٧٠٠ كه‌س ده‌ستگیركراون.

ئاژانسی هه‌واڵیی ئه‌نجوومه‌نی ئێران له‌ زاری په‌رله‌مانتار مه‌حمود سادقی بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كانی ئێراندا كه‌ له‌ ٢٨ی كانوونی دووه‌می ٢٠١٧ه‌وه‌ ده‌ستی پێكردبوو، نزیكه‌ی سێ هه‌زار و ٧٠٠ كه‌س ده‌ستگیركراون.

له‌ نێوان ده‌ستگیركراواندا خوێندكاری زانكۆ و چه‌ندین به‌رپرسی جیاجیا هه‌ن و سادقی له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت، "له‌ رووداوه‌كانی دواییدا نزیكه‌ی سێ هه‌زار و ٧٠٠ كه‌س ده‌ستگیركراون. په‌رله‌مانتاران له‌باره‌ی خوێندكارانی زانكۆوه‌ ژماره‌ی جیاجیا ده‌ده‌نه‌ په‌رله‌مان. له‌م باریه‌وه‌ ناتوانین زانیاری ورد بده‌ین. ته‌نها ئه‌وه‌ی ٤٠ بۆ ٦٨ خوێندكار ده‌ستگیر كراون.

سادقی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی خه‌می كه‌وسوكاری خوێندكاران، ده‌بێت یه‌كه‌كانی ئاسایش ناوی لیستی خوێندكاره‌كان بۆ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و وه‌زاره‌تی هه‌واڵگری ئاشكرا بكات.