ئیسرائیل به‌ مووشه‌ك هێرشی كرده‌ سه‌ر سوریا

فڕۆكه‌یه‌كی جه‌نگی ئیسرائیلی هێرشه‌كه‌ی ئه‌نجام داوه‌

ئیسرائیل به‌ مووشه‌ك هێرشی كرده‌ سه‌ر چه‌ند خاڵێكی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د له‌ نزیك دیمه‌شقی پایته‌خت.

له‌ راگه‌یه‌نراوێكی وه‌زاره‌تی به‌رگری رژێمی ئه‌سه‌ددا كه‌ ئه‌م به‌یانیه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ ئیسرائیل له‌ نزیك دیمه‌شق چوار هێرشی جیای ئه‌نجام داوه‌.

له‌ به‌شێكی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی ئیسرائیل له‌سه‌ر ئاسمانی لوبنانه‌وه‌ كاتژمێر ٠٢:٤٠ مووشه‌كیان هه‌ڵداوه‌ته‌ شارۆچكه‌ی قه‌تیفیه‌ی دیمه‌شق.

هه‌ر له‌و راگه‌یاندنه‌ی رژێمدا هاتووه‌ كه‌ دوایین هێرش كاتژمێر ٠٤:١٥ فڕۆكه‌یه‌كی جه‌نگی ئیسرائیلی چوار مووشه‌كی ئاراسته‌ی جۆلان و ناوچه‌ی ته‌به‌ریا كردووه‌.

رۆژنامه‌ی هائارتزی ئیسرائیلی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی رژێمی بڵاوكردۆته‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی كۆگاكانی چه‌كی رژێم بوون.

سه‌رچاوه‌: ئه‌نادۆڵۆ