له‌ هه‌ولێر هه‌زار خانوو دابه‌ش ده‌كرێن

هه‌فته‌ی داهاتوو پڕۆسه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت


وابڕیاره‌ هه‌زار خانووی پڕۆژه‌ی گوندی كۆری له‌ هه‌ولێر به‌سه‌ر خاوه‌نه‌كانیاندا دابه‌ش بكرێن و  بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش تیروپشك به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

هه‌زار خانوو لە گوندی كۆرییەكان ته‌واوبوون و پێشبینی ده‌كرێت لە چەند مانگی داھاتوودا راده‌ستی خاوه‌نه‌كانیان بكرێن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی خانووه‌كانیان بۆ ده‌رچووه‌ پێویسته‌ 12‌ هه‌زار و 800 دۆلار بده‌ن به‌ كۆمپانیاكه‌، ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ به‌شێك له‌و هاووڵاتیانه‌ ده‌ڵێن، لەم دۆخەدا ئه‌و بڕه‌ پاره‌یەیان نییه‌، لایه‌نی په‌یوه‌ندیداریش ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئاماده‌ن پاره‌ بده‌ن بۆ وه‌رگرتنی خانووه‌كانیان بگاته‌ سه‌رووی هه‌زار كه‌س، تیروپشكی بۆ ده‌كه‌ن.

تاهیر عه‌بدوڵڵا جێگری پارێزگاری هه‌ولێر راگه‌یاند، هه‌زار خانووی پڕۆژه‌ی گوندی كۆری ته‌واوبوون و ده‌یانه‌وێت كاریان له‌سه‌ر بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی راده‌ستی خاوه‌نه‌كانیان بكرێن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌فته‌ی داهاتوو چه‌ند هه‌نگاوێك ده‌نێن.

عەلی رەشید، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر راگەیاند: ئێستا ھەزار خانوو بە ھەموو خزمەتگوزارییەكانەوە تەواو بووە، تەنھا قوتابخانە و بنكەی تەندروستی ماوە تەواوبێت، لەگەڵ پارێزگاری ھەولێر و جێگری پارێزگار چەند كۆبوونەوەكمان كردووە بۆ ئەوەی ئەو ھەزار خانووە دابەش بكرێت بەسەر ئەو كەسانەی كە خانووەكەیان ئامادەیە، دواتر دەست بكرێت بە تەواوكردنی ئەوانی دیكە".

ئه‌و خانووانه‌ی ته‌واوكراون له‌ پڕۆژه‌ی گوندی كۆری به‌پێی تیروپشك له‌ كۆی پێنج هه‌زار ناوی خاوه‌ن خانووه‌كانی پڕۆژه‌كه‌ ده‌ستنیشان ده‌كرێن و هه‌فته‌ی داهاتوو پڕۆسه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

پڕۆژه‌ی گوندی كۆری، پرۆژه‌یه‌كی نیشته‌جێكردنی هاوبه‌شی كه‌رتی تایبه‌ت و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌ پێنج هه‌زار خانوو پێكدێت و نرخی هه‌ر خانوویه‌كی 40 هه‌زار دۆلاره‌، كه‌ 20 هه‌زار دۆلار له‌سه‌ر حكومه‌ت و 20 هه‌زاریشی هاووڵاتیان ده‌یده‌ن، له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2014وه‌ تیروپشك بۆ خانووه‌كان كراوه‌ و ده‌بوایه‌ ساڵی 2016 خانووه‌كان راده‌ستی خاوه‌نه‌كانیان بكرایه‌، به‌ڵام تائێستا ته‌نها هه‌زار خانوو ته‌واوبوون.