ئه‌مریكاو ئه‌ڵمانیا به‌ شێوازێكی نوێ مه‌شق و راهێنان به‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن

لیواكانی پێشمه‌رگه‌ ده‌ستییان به‌ مه‌شق و راهێنان كردۆته‌وه‌

ئه‌ڵمانیاو ئه‌مریكا به‌رده‌وام مه‌شقی تایبه‌ت به‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن و ئه‌مریكاش به‌ڵێنی داوه‌ 2 لیوای تری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ مه‌شق و راهێنان پێ بكات، هاوشێوه‌ی لیواكانی سوپای ئه‌مریكی.

سه‌ربه‌ست له‌زگین ،بریكاری وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه‌ به‌ ماڵپه‌ری ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستانی راگه‌یاند: بریارمانداوه‌ به‌ گه‌رانه‌وه‌ی هه‌ردوو لیوای (1،2) بۆ پێش رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌ستمان به‌ مه‌شق و راهێنان كردووه‌.

گوتیشی : دوای رووداوه‌كانی 16 ی ئۆكتۆبه‌ر لیوای یه‌ك له‌ پردێ جێگیر بوو لیواكه‌ی تریش گه‌رایه‌وه‌ قه‌ره‌هه‌نجیر ، ئێستاش له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و یه‌كخستنه‌وه‌یه‌ی لیواكان دووباره‌ هه‌ردوو لیوا مه‌شق و راهێنانی تایبه‌تی وه‌رده‌گرنه‌وه‌و رێكده‌خرێنه‌وه‌ به‌ چه‌ند قۆناغێك، سه‌ره‌تاش له‌ هه‌ردوو لیوا فه‌وجی یه‌كمان یه‌كخستووه‌و ئێستاكه‌ش له‌ مه‌شقدان.

سه‌باره‌ت به‌ هاوكاری هاوپه‌یمانان ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاند هاوكاری و مه‌شقه‌كانیان به‌رده‌وامن ، به‌ تایبه‌ت ئه‌ڵمانیاو ئه‌مریكا به‌رده‌وام مه‌شقی تایبه‌ت به‌ هێزه‌كانمان ده‌كه‌ن و ئه‌مریكا به‌ڵێنی داوه‌ كه‌ 2 لیوای تری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ مه‌شق پێ بكات هاوشێوه‌ی لیواكانی سوپای ئه‌مریكی.

ئه‌ڵمانیاش مه‌شقه‌كانی بۆ ساڵی 2018 درێژكردۆته‌وه‌و به‌رده‌وامه‌ له‌ هاوكاری كردنی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان .