شه‌پۆلێكی سه‌رمای به‌هێز رۆژهه‌ڵاتی ئه‌مریكا و كه‌نه‌دای ته‌نیوه‌

تا ئێستاش به‌ ده‌یان هاوڵاتیی گیانیان به‌هۆی سه‌رماكه‌وه‌ له‌ده‌ستداوه‌

به‌ هۆی تۆفانێكی زستانییه‌وه‌ سه‌رمایه‌كی قورسی جه‌مسه‌ریی گه‌یشتووه‌ته‌ رۆژهه‌ڵاتی ئه‌مریكا و كه‌نه‌دا و كاروباری فرۆكاخانه‌كانی په‌كخستووه‌. له‌ ئه‌نجامیشدا 3400 فڕین هه‌ڵوه‌شاونه‌ته‌وه‌ و ژماره‌یكی زۆریش فڕۆكه‌ له‌ نیوه‌ی رێگه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

ئه‌م شه‌پۆڵی سه‌رمایه‌ بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ ناوچه‌ی مانت واشنتن له‌ ویلایه‌تی نیوهامپشایه‌ر پله‌ی گه‌رما بگاته‌ 37 پله‌ ژێر سفری سیلیسی، كه‌ ئه‌م پله‌ی سه‌رمایه‌ تا ئێستا وێنه‌ی نه‌بووه‌. تا ئێستاش به‌ ده‌یان هاوڵاتیی گیانیان به‌هۆی سه‌رماكه‌وه‌ له‌ده‌ستداوه‌.

هه‌روه‌ها له‌ ئه‌مریكا ئه‌و سه‌رما به‌هێزه‌ 3420 فڕینی له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی جۆن ئێف كه‌نه‌دی هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌.

به‌رپرسانیش سه‌باره‌ت به‌ خۆپاراستنی هاوڵاتییان هۆشدارییانداوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر جلی گونجاو نه‌پۆشن ئه‌وا سه‌رما ده‌توانێ له‌ ماوه‌ی 10 خوله‌كه‌دا ببێته‌ هۆی بڵقی سه‌ر پێست و تووشی كێشه‌ی ته‌ندرووستییان بكات.

هه‌روه‌ها پێشبینی كراوه‌ ئه‌و سه‌رما و سۆڵه‌یه‌ له‌ كیوبێكی كه‌نه‌دا بگاته‌ 50 پله‌ ژێر سفری سیلیسی.

به‌گوێره‌ی پێشبینییه‌كانی كه‌شناسیی جیهانیی، ئه‌م شه‌پۆڵی سه‌رمایه‌ له‌ هه‌فته‌ی داهاتووشدا به‌ردوام ده‌بێت و دواتر داده‌مركێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌ / دی ده‌بڵیوو

مه‌سعود / كوردستان تیڤی