گومان ده‌كرێت هاشمی ره‌فسه‌نجانی به‌ جه‌ڵته‌ی دڵ نه‌مردبێت

دۆسیه‌ی مه‌رگی ره‌فسه‌نجانی له‌لایه‌ن حه‌سه‌ن رۆحانی كراوه‌ته‌وه‌

یه‌كێك له‌ كوڕه‌كانی ئه‌كبه‌ر هاشمی ره‌فسه‌نجانی سه‌رۆكی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی باڵای پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران ده‌ڵێت: دۆسیه‌ی مه‌رگی باوكی كه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران به‌ داخراویی مابوویه‌وه‌، دووباره‌ له‌لایه‌ن حه‌سه‌ن رۆحانی سه‌رۆك كۆماری ئیستای ئێرانه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌.

یاسر كوڕی ئه‌كبه‌ر هاشمی ره‌فسه‌نجانی ده‌ڵێت موحسینی برای كه‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی شورای شاری تارانی له‌ ئه‌ستۆیه‌، بڕیاره‌ به‌م زووانه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ بچێته‌ ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی.

هه‌روه‌ها محه‌مه‌د هاشمی برای ئه‌كبه‌ر هاشمی له‌كاتی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنه‌ ناوخۆییه‌كانی ئێران وتوویه‌تیی كه‌ جێگه‌ی گومانه‌ براكه‌ی به‌هۆی راوه‌ستان و جه‌ڵده‌ی دڵ مردبێت. 

جه‌ختیشی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ تا ئێستا هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی ئاشكرا له‌ هه‌بوونی جه‌ڵده‌ی دڵ نه‌خراوه‌ته‌ڕوو، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌وه‌ گومان له‌سه‌ر شتی دیكه‌ دروست ده‌كات.

چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر فائیزه‌ هاشمی كچی ئه‌كبه‌ر هاشمی رایگه‌یاندبوو كه‌ به‌گوێره‌ی راپۆرتی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران، له‌ جه‌سته‌ی باوكیدا 10 ئه‌وه‌نده‌ی دۆخی ئاسایی مادده‌ و ئاسه‌واری رادیۆ ئه‌كتیڤ دۆزراوه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش گومان درووستده‌كات.

ئه‌كبه‌ر هاشمی ره‌فسه‌نجانی ناوه‌ڕاستی زستانی رابردوو له‌ ته‌مه‌نی 82 ساڵیدا له‌ ماڵی خۆی له‌ تاران كۆچی دوایی كرد. 

ئه‌وكات راگه‌یاندنه‌كانی ئێران رایانگه‌یاندبوو كه‌ ناوبراو له‌كاتی مه‌له‌كردن له‌ مه‌له‌وانگه‌ی ماڵه‌كه‌یدا بارودۆخی ته‌ندرووستییه‌كه‌ی تێكچووه‌ و بنه‌ماڵه‌كه‌ی ویستویانه‌ بیگه‌یه‌ننه‌ نه‌خۆشخانه‌، به‌ڵام ئه‌و گیانی له‌ده‌ستداوه‌.


سه‌رچاوه‌ / بی بی سی    
مه‌سعود / كوردستان تی ڤی