30 هاووڵاتیی ئێرانی به‌هۆی پێكدادان و ئاگر كه‌وتنه‌وه‌ی نه‌وتكێشێكی وڵاته‌كه‌یان بێسه‌روشوێنن

له‌گه‌ڵ كه‌شتییه‌كی بارهه‌ڵگری چینیی تووشی پێكدادان ده‌بێت

به‌گوێره‌ی هه‌واڵێك به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌شتییه‌كی نه‌وتكێشی ئێرانیی له‌گه‌ڵ كه‌شتییه‌كی بارهه‌ڵگری چینیی پێكیان داداوه‌ به‌لایه‌نی كه‌م تا ئێستا چاره‌نووسی 30 هاووڵاتیی ئێرانیی و 2 هاووڵاتیی به‌نگلادیشی نادیاره‌ و به‌رپرسانی ئێرانیی ئه‌م رووداوه‌یان پشتڕاست كردووه‌ته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان نه‌وتكێشه‌ ئێرانییه‌كه‌ له‌ دووریی 300 كیلۆمه‌تر له‌ كه‌ناراوه‌كانی چین دوای ئه‌وه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ كه‌شتییه‌كی بارهه‌ڵگری چینیی تووشی پێكدادان ده‌بێت، ئاگر ده‌گرێت و نه‌وته‌كه‌شی له‌سه‌ر ئاوی ده‌ریا بڵاو ده‌بێته‌وه‌.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی ئێران رایگه‌یاندووه‌ كه‌ به‌هۆی ئه‌م رووداوه‌وه‌ تا ئێستا 30 هاووڵاتیی ئێرانیی بێسه‌روشوێنن، به‌ڵام تا ئێستا هۆكاری پێكدادان و رێژه‌ی زیانه‌كان ئاشكرا نین.

كه‌شتی نه‌وتكێشی سانچی كه‌ سه‌ر به‌ كۆمپانیای نه‌ته‌وه‌یی نه‌وتی ئێرانه‌، له‌م وڵاته‌وه‌ به‌ره‌و كۆریای باشوور  به‌ڕێكه‌وتووه‌ و به‌ به‌های 60 ملیۆن دۆلار نه‌وتی پێبووه‌.


سه‌رچاوه‌ / رادیۆ فه‌ڕه‌نسا    
مه‌سعود / كوردستان تی ڤی