پەرلەمانی ئێران لەبارەی خۆپێشاندانەكان كۆبووەوە

پەرلەمانی ئێران بارودۆخی ئابووری هاووڵاتییان تاوتوێ ده‌كات

پەرلەمانی ئێران لەبارەی خۆپێشاندانەكان كۆبووەوە و هەر یەكە لە وەزیری ناوخۆ و هەواڵگری و سەركردەی باڵای هێزەكانی ئاسایش و جێگری سەرۆكی سوپای پاسداران لە دانیشتنەكەدا ئامادە بوون.

ئەمڕۆ یەكشەممه‌ دانیشتێكی پەرلەمان لەبارەی خۆپێشاندانەكانی شارەكانی ئێران بەڕێوەچوو. بە پێی هەواڵێكی كەناڵی جەزیرە، دانیشتنەكە داخراو بووە، مەبەستیش لێی تاوتوێكردنی بارودۆخەی ئێران بووە. 

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە كەناڵی جەزیرە بڵاو كراوەتەوە، سەرۆكی پەرلەمان و چەندان بەرپرسی تری ئاسایش لە ئێران لە دانیشتنەكە ئامادە بوون، لە نێویاندا وەزیری ناوخۆ و بەرپرسی هەواڵگری و جێگری سەرۆكی سوپای پاسداران. زانیارییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن وێرای تاوتوێكردنی خۆپێشاندانەكان لە ڕووی ئاسایشەوە، هەوڵ دەدرێت بارودۆخی ئابووری هاووڵاتییانیش تاوتوێ بكرێت. 

جیا لە مەیش، وا پێشبینی دەكرێت گفتوگۆكانی حەسەن رووحانی سەرۆكی ئێران لەگەڵ لیژنەكانی پەرلەمانی ئێران بەردەوام بێت، كە چەند رۆژێكە دەستی پێ كردووە، بۆ دۆزینەوەی ئەو هۆكارە ئابوورییانەی لە پشت نارەزاییەكانی خەڵك بووە. 

ماوەی دە رۆژ دەبێت خۆپێشاندانی ناڕەزایی لە سەرجەم شارەكانی ئێران لە دژی خراپی بارودۆخی ئابووری ئەنجام دەدرێت.