ئیسرائیل هه‌وڵه‌كانی بۆ سه‌ر ئێران چڕ ده‌كاته‌وه‌

په‌یوه‌ندی به‌ سه‌ركرده‌ی ژماره‌یه‌ك وڵاتی ئه‌ورووپی كردووه‌

سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل به‌ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندی به‌ سه‌ركرده‌ی ژماره‌یه‌ك وڵاتی ئه‌ورووپی كردووه‌و پێشهاته‌كانی ئێرانی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌ تاوتوێكردووه‌.

نووسینگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیرانی ئیسرائیل بڵاویكردۆته‌وه‌ كه‌ ، بنیامین ناتانیاهو ، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل له‌ رێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ به‌ جیا په‌یوه‌ندی كردووه‌ به‌ هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا، تێرێزا مای و سه‌رۆكوه‌زیرانی پۆڵۆنیا، ماته‌وسز مۆراویكی و سه‌ركۆماری رۆمانیا، كلاوس لۆهاننس و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی رۆمانیا، لیڤیو درانگیا.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی نووسینگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیرانی ئیسرائیل ئه‌وه‌ش  ئاشكرا كراوه‌ كه‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردوو ناتانیاهو له‌ رێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ راوێژكاری ئه‌ڵمانیا، ئه‌نگێلا مێركڵ كردووه‌.

راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ تیشكی خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ته‌وه‌ری په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كان پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ له‌سه‌روویانه‌وه‌ رووداوه‌كانی ئێران بوون.