به‌رشلۆنه به‌ئه‌نجامی سێی گۆڵ بردییه‌وه‌

به‌جیاوازی نۆ خاڵ له‌پێش ئه‌تله‌تیكۆ مه‌دردیی خاوه‌ن پله‌ی دووه‌مه‌


له‌میانی یاریه‌كانی هه‌فته‌ی هه‌ژده‌هه‌می خولی ئیسپانیا یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ی پێشه‌نگی ریزبه‌ندی له‌سه‌ر یاریگای كامپ نۆ میوانداری یانه‌ی لیڤانتی كردو یاریه‌كه‌ی به‌ئه‌نجامی سێی گۆڵی بێ وه‌ڵام برده‌وه.‌

هه‌ر له‌سه‌ره‌تای یاریه‌كه‌وه‌ كورانی ڤالڤێردی به‌هێزه‌وه‌ ده‌ركه‌وتن تا له‌خوله‌كی دوازده‌ی یاریه‌كه‌ لیۆنیل میسی گۆڵكاری خولی ئیسپانیا گۆڵی پێشكه‌وتنی له‌یاریه‌كه‌دا تۆمار كردو كۆی گۆڵه‌كانیش له‌لالیگا بووه‌ شازده‌ گۆڵ.

 گوشاره‌كانی به‌رشلۆنه‌ بۆ سه‌ر گۆڵی لیڤانتی درێژه‌ی هه‌بوو تا له‌خوله‌كی سی و هه‌شت لویس سوارێز به‌رشلۆنه‌ی كرده‌ خاوه‌ن گۆڵی دووه‌م و گێمی یه‌كه‌م به‌و ئه‌نجامه‌ به‌كۆتا هات، له‌گێمی دووه‌می یاریه‌كه‌ ئاستی یاریه‌كه‌ تا ئه‌ندازیه‌ك مامناوه‌ندی بوو تا له‌خوله‌كی سێی زیادكراوی یاریه‌كه‌ پاولینیۆی به‌رازیلی توانی گۆڵی سێیه‌م و كۆتایی یاریه‌كه‌ بۆ به‌رشلۆنه‌ تۆمار بكات.

به‌م بردنه‌وه‌ كۆی خاڵه‌كانی به‌رشلۆنه‌ بووه‌ چل و هه‌شت خاڵ و به‌جیاوازی نۆ خاڵ له‌پێش ئه‌تله‌تیكۆ مه‌دردیی خاوه‌ن پله‌ی دووه‌مه‌.