سۆفییه‌كانی گوندێكی كوردستان: گۆڕی ئیمامی عه‌لی له‌لای ئێمه‌یه‌

گۆڕی ئیمامی عه‌لی له‌ گوندێكی كوردستان دۆزراوه‌ته‌وه‌

سۆفییه‌كانی گوندی سیكه‌نه‌ به‌ گوته‌ی خۆیان نهێنییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌زارو چه‌ند سه‌د ساڵه‌یان پاراستووه‌و ئه‌و نهێنیه‌ گه‌وره‌یه‌ش  بوونی مه‌رقه‌دی ئیمامی عه‌لییه‌ له‌ گونده‌كه‌.

سیكه‌نه‌و سه‌رخان ئه‌و گونده‌ی كه‌ بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ پیرۆزییه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌و وه‌ك شوێنێكی پیرۆز سه‌یر ده‌كرێت.

خه‌ڵكی ئه‌م گونده‌ كه‌ نازناوی سۆفییان پێبه‌خشراوه‌ و به‌ سۆفییه‌كانی سیكه‌نه‌ به‌ناوبانگن و له‌ ناو عه‌وامه‌ی خه‌لكیدا جێگه‌ی رێز و پێگه‌یه‌كی به‌رزترن له‌ خه‌ڵكانی تر به‌ گوته‌ی خۆیان نهێنییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌زارو چه‌ند سه‌د ساڵه‌یان پاراستووه‌ ئه‌و نهێنیه‌ گه‌وره‌یه‌ش مه‌رقه‌دی ئیمامی عه‌لییه‌، یه‌كێك له‌ سۆفییه‌كانی سیكه‌نه‌ كه‌ نه‌یویست ناوی بهێنین به‌ ماڵپه‌ری ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستانی راگه‌یاند:  سیكه‌نه‌ خاكێكی پیرۆزه‌و ئێمه‌ی سۆفییه‌كانی سیكه‌نه‌ بۆ پاراستنی ئه‌و پیرۆزییه‌ زیاتر له‌ هه‌زار ساڵه‌ پشت به‌ پشت پارێزگاری له‌و خاكه‌ ده‌كه‌ین و رێگه‌مان نه‌داوه‌ هیچ كه‌سێك ده‌ست له‌ پیرۆزییه‌كانی ئه‌و خاكه‌ بدات و هۆكاری ئه‌و پارێزگارییه‌ چره‌شمان  له‌به‌ر شیعه‌ بووه‌.

ktv

گوتیشی: تا 2 ساڵ به‌ر له‌ ئێستا ئه‌و نهێنیه‌ پارێزراو بووه‌، به‌ڵام ئێستا به‌شێكی كه‌م له‌ خه‌ڵكی پێی ئاگادارن و رۆژانه‌ سه‌ردانی مه‌رقه‌دی سیكه‌نه‌ ده‌كه‌ن ،كه‌ زۆربه‌یان شیعه‌ مه‌زهه‌بن و نزاكانیان له‌و مه‌رقه‌ده‌ ده‌كه‌ن و قوربانی بۆ رۆحی ئیمامی عه‌لی ده‌كه‌ن و له‌و كانییه‌ وه‌ستاوه‌ی خوار گۆره‌كه‌ی ئیمامی عه‌لی ئاو به‌ متفه‌رك بۆ خزم و دۆستان ده‌به‌نه‌وه‌و شاڵی سه‌وزی سه‌ر مه‌رقه‌ده‌كه‌ به‌ سنجاقێك له‌ به‌رۆكی یه‌خه‌یان ده‌ده‌ن تا پارێزراو بن له‌ به‌ڵاو ده‌رد.

ktv

گوندی سیكه‌نه‌ ده‌كه‌وێته‌ باكوری رۆژ هه‌ڵاتی ناحیه‌ی ژاراوه‌ ، سه‌ر به‌قه‌زای قه‌ڵادزێ له‌ بناری به‌رد قه‌ڵشیو، كه‌ كه‌وتۆته‌ سه‌رگردێكی گه‌وره‌ ، نزیكه‌ی  500 مه‌تر له‌ ئاست رووباره‌كه‌وه‌ به‌رزتره‌ .به‌ پێی قسه‌ی پیرو به‌ ساڵا چووه‌كانی ناوچه‌كه‌ كه‌ ده‌ماو ده‌م  ده‌یگێڕنه‌وه‌ و ده‌ڵێن : ئاوه‌دانییه‌كی گه‌وره‌ بووه‌و خه‌ڵكێكی زۆری تێدا ژیاوه‌، له‌ به‌ر زۆری خه‌ڵكه‌كه‌ی  ئاوی كانیه‌كه‌ش  به‌سه‌ره‌و نۆبه‌ بووه‌ ،كه‌ یه‌ك كانیه‌ ئاوی لێ بووه‌  .