ده‌رهێنه‌ری كورد ( كه‌ی به‌هار) خه‌ڵاتێكی جیهانی وه‌رگرت

پێشبڕكێی (شۆڕ سكریپت )كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ باڵاترین پێشبڕكێ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی سكریپت

فلیمی"خۆت شێت كه‌" له‌ ده‌رهێنانی  هه‌ونه‌رمه‌ندی كورد( كه‌ی به‌هار) له‌ پێشبركێیه‌كی جیهانیدا خه‌ڵاتی دووه‌می باشترین سكریپتی پێ ده‌به‌خشرێت.

هونه‌رمه‌ند كه‌ی به‌هار ده‌ڵیت : یه‌كێك له‌ سكریپته‌كانم به‌ناوی "خۆت شێت كه‌" ناردووه‌ بۆ پێشبڕكێی شۆڕ سكریپت كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ باڵاترین پێشبڕكێ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی سكریپت بۆ فیلم له‌ به‌ریتانیا، له‌ناو زیاتر له‌ 600  سكریپتی نووسه‌رانی به‌ریتانی و ئه‌مه‌ریكی و ئه‌وروپی، ئه‌وه‌ی من خه‌ڵاتی دووه‌می ئه‌و پێشبڕكێیه‌ی به‌ده‌ست هێنا.

كه‌ی به‌هار گوتی:  بۆ ئه‌وه‌ی بزانین له‌ كوردستان چه‌ند شاره‌زاییمان هه‌یه‌ له‌ سكریپت و چه‌ند بایه‌خمان داوه‌ به‌و هونه‌ره‌، ده‌بێت ته‌ماشای فیلمه‌ كوردییه‌كان بكه‌ین زۆر زوو بۆت ڕوون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ زۆربه‌ی زۆریان ده‌ناڵێنن به‌ده‌ست سكریپتی لاوازه‌وه‌، زۆر له‌ فیلمكاران تا ئێسته‌ وا ده‌زانن هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بیرۆكه‌یه‌كیان هه‌بێت، ئیتر ئه‌وه‌ سكریپته‌كه‌یه‌ و ده‌ست ده‌كه‌ن به‌فیلمكاری، نازانن كه‌ مه‌رج نییه‌ ئه‌گه‌ر بیرۆكه‌یه‌كت هه‌بوو بتوانیت بینوسیته‌وه‌ وه‌ك سكریپت، به‌نووسین تووشی هه‌ڵه‌ ده‌بیت و فیلمی سه‌ركه‌وتوو دروست ناكه‌یت، وه‌رگێڕانی بیرۆكه‌ و نووسینه‌وه‌ی به‌په‌له‌ وه‌ك سكریپت هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌تره‌، چونكه‌ سكریپتی خراپ ده‌بێته‌ هۆی ڕووخانی فیلم.

كوردستان تیڤی/ كامه‌ران حاجی