هه‌ولێر و به‌غدا وردبینی بۆ لیستی مووچه‌خۆرانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌ن

له‌دوای سه‌ری ساڵ ده‌ست به‌ كۆبوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن

هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عێراق ، وردبینی بۆ لیستی بایۆمه‌تری مووچه‌خۆرانی وه‌زاره‌ته‌كانی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌ن .

ڤیان محه‌ممه‌د حوسێن، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پلاندانان له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌ندامی لیژنه‌كه‌ به‌ رووداوی راگه‌یاندووه‌: فه‌رمانی پێكهێنانی لیژنه‌كه‌ به‌ ئاگاداری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌ركراوه‌ و ئێمه‌یان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ده‌ستنیشان كردووه‌.

هه‌روه‌ها گوتی: له‌دوای سه‌ری ساڵ ده‌ست به‌ كۆبوونه‌وه‌ ده‌كه‌ین و دووباره‌ وردبینی بۆ لیستی بایۆمه‌تری مووچه‌خۆرانی وه‌زاره‌ته‌كانی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌ین.

 گوتیشی: تاوه‌كو له‌گه‌ڵیان دانه‌نیشین جارێ نازانین به‌دروستی داوای چی ده‌كه‌ن بۆ ده‌ستكردن به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران.