هەرێمی كوردستان.. رێژەى هاوردەکردن لە تورکیا سەدا 40 زیادی کردووە

سنووری نێودەوڵەتى ئیبراهیم خەلیل گرنگترین دەروازەى سنوورى بووە

مستەفا عەبدولڕەحمان سەرۆکى یەکێتى هاوردە و ناردنکارانى هەرێمى کوردستان رایگه‌یاند: جموجۆڵى بازرگانى نێوان تورکیا و هەرێمی كوردستان سستى تێ نەکەوتووە و بەراورد بە دوو ساڵى رابردوو رێژەى هاوردەکردن لە تورکیا سەدا (40) زیادی کردووە . 

سەرۆکى یەکێتى هاوردە و ناردنکاران راشیگەیاند: حکوومەتى عێراق باجى زیاترى خستۆتەوە سەر هاوردە و هەناردەی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەمەش بەربەستێکى گەورەى بۆ ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان عێراق و هەرێمى کوردستان دروستکردووه‌. 

مسته‌فا عه‌بدولڕحمان گوتیشی: رێژەى ئاڵوگۆڕ و هاوردە و هەناردەکردن لە نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان گەشەسەندن و بووژانەوەى زیاترى بەخۆوە بینیوە بەراورد بە دووساڵى رابردوو رێژەى هاوردەکردن لە نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان سەدا (40) زیادی کردووه‌. 

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ ئێران بۆ ماوەى 10 رۆژ دەروازە سنوورییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان داخست، لەو ماوەیەدا هەموو بازرگانان و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان ئاراستەیان بەرەو تورکیا گۆڕا. 

ئێران دەروازەى سنوورى باشماخى کردۆتەوە و جموجۆڵە بارزگانییەکان لەگەڵ ئێرانیش دەستی پێکردەوە، بەو ئومێدەن دەروازە سنوورییەکانى دیکەشی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بکاتەوە بۆ ئەوەى ئاڵوگۆڕە بارزگانییەکان ئاسایی بێتەوە. 

سەرۆکى یەکێتى هاوردە و ناردنکارانى هەرێم دەڵێت: دواى ئەوەى ئێران سنوورى خۆی بەرووى هەرێم داخست ئێستا بازرگانانى هەرێمى کوردستان بۆ بازرگانیکردن زیاتر متمانەیان لەسەر تورکیایە، تورکیا بۆتە ئومێدێکى گەورەى بابەتە ئابوورى و بازرگانییەکان، کۆمەڵگەى سنووری نێودەوڵەتى ئیبراهیم خەلیل گرنگترین دەروازەى سنوورى بووە کە وەک جێگرەوەى هەموو دەروازەکان رێگر بوو لەوەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى لە هەرێمى کوردستان پەکی بکەوێت.