سه‌رۆك بارزانی: ئه‌و قۆناغه‌ سه‌خته‌ تێده‌په‌ڕێت

دواجار گه‌لی كوردستان سه‌رده‌كه‌وێت

سه‌رۆك بارزانی رایده‌گه‌ێنێ، ئه‌و قۆناغه‌ سه‌خته‌ تێده‌په‌ڕێت و دواجار گه‌لی كوردستان سه‌رده‌كه‌وێت چونكه‌ دۆزه‌كه‌ی ڕه‌وایه‌ و زوڵمیشی له‌ كه‌س نه‌كردووه‌.

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 18ـی 12ـی 2017 سه‌رۆك (مه‌سعوود بارزانی) له‌ شاری دهۆك له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك ڕاگر و مامۆستای زانكۆكانی دهۆك كۆبۆوه‌.

له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا مامۆستایانی زانكۆكانی دهۆك به‌پێی پسپۆری و شاره‌زاییان له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌كان له‌ گفتوگۆیه‌كی تێروته‌سه‌لدا كۆمه‌ڵێك تێبینی و پێشنیار و پرسیاریان له‌ باره‌ی بارودۆخی سیاسی و ده‌ستووری عێراق و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و ڕیفراندۆمی گه‌لی كوردستان و هه‌روه‌ها بار و گوزه‌رانی خه‌ڵك و كێشه‌ و قه‌یرانه‌ دارایی و ئابوورییه‌كانی هه‌رێم و مه‌سه‌له‌ی خزمه‌تگوزاری و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و چاكسازی له‌ كه‌رته‌ جۆراوجۆره‌كان ئاراسته‌ی (سه‌رۆك بارزانی) كرد.

هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا (سه‌رۆك بارزانی) وێڕای ده‌ربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ پێشنیار و تێبینییه‌كانی مامۆستایان، وه‌ڵامی پرسیار و تێبینیی ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دایه‌وه‌ و له‌ وته‌یه‌كدا بارودۆخی سیاسیی كوردستان و عێراق و هه‌ڵوێستی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌به‌رانبه‌ر بڕیاری ڕیفراندۆمی گه‌لی كوردستانی شیكرده‌وه‌. هه‌روه‌ها ڕۆشنایی خسته‌سه‌ر ڕووداوه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر و قۆناغی دوای ڕیفراندۆم و ئه‌و كۆسپ و ته‌گه‌رانه‌ی خراونه‌ته‌ به‌رده‌م ژیان و بڕیاری خه‌ڵكی كوردستان.

له‌ به‌شێكی تری وته‌كانیدا (سه‌رۆك بارزانی) به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی به‌ باشترین چاره‌سه‌ر بۆ قه‌یرانه‌كانی هه‌رێم زانی و جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و قۆناغه‌ سه‌خته‌ تێده‌په‌ڕێت و دواجار گه‌لی كوردستان سه‌رده‌كه‌وێت چونكه‌ دۆزه‌كه‌ی ڕه‌وایه‌ و زوڵمیشی له‌ كه‌س نه‌كردووه‌.

ئاماده‌كردنی: رزگار