یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان ئیدانه‌ی ده‌ستدرێژی میلیشیاكان بۆ سه‌ر ناوه‌نده‌كانی خوێندن له‌ كه‌ركوك ده‌كات

میلیشیا عێراقییه‌كان ترسنۆكانه‌ په‌لاماری ناوه‌نده‌كانی خوێندن ده‌ده‌ن

یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئیدانه‌ی ده‌ستدرێژی میلیشیا عێراقییه‌كان بۆ سه‌ر ناوه‌نده‌كانی خوێندن له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ داگیركراوه‌كان و ده‌كات و رایده‌گه‌ێنێ..

دوای راده‌ستكردنی كه‌ركوك له‌ ١٦ی ئۆكتۆبه‌ردا و داگیركردنی ته‌واوی پارێزگاكه‌ له‌لایه‌ن میلیشیا عێراقی و مه‌زهه‌بییه‌كانه‌وه‌، دوا به‌دوای چه‌وساندنه‌وه‌ی هاوڵاتیانی كوردی شاره‌كه‌ و به‌ عه‌ره‌بكردنی ناوی شه‌قام و تابلۆی سه‌ر قوتابخانه‌ و بازاڕ و دوكانه‌كان، و كوشتوبڕی نیشتمانپه‌روه‌ران و ئاواره‌بوونیان له‌ شار و ماڵ و خاكی خۆیاندا.

ئه‌مڕۆ ٢٠١٧/١٢/١٧ له‌ ساڵرۆژی هه‌ڵكردنی ئاڵای پیرۆزی كوردستان، قوتابیانی ئازا و نیشتمانپه‌روه‌ری كه‌ركوك و خانه‌قین و ناوچه‌ داگیركراوه‌كان، له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندندا ئه‌م یاده‌یان به‌رز و پیرۆز راگرت و ئاڵای كوردستانیان به‌رزكرده‌وه‌ و به‌ ده‌نگی به‌رز سرودی نیشتمانی (ئه‌ی ره‌قیب)یان چڕی.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی قوتابیان له‌ سه‌ر خاكی خۆیاندان و یادی ئاڵای نیشتمانیان ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌چی هێز و میلیشیا عێراقییه‌كان، ترسنۆكانه‌ په‌لاماری ناوه‌نده‌كانی خوێندن ده‌ده‌ن و به‌ چه‌كی قورسه‌وه‌ حه‌ره‌می پیرۆزی ناوه‌نده‌كانی خوێندن ده‌شكێنن و قوتابیانی كورد ده‌ستگیر ده‌كه‌ن.

یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان راشیده‌گه‌ێنن، به‌ توندی ئیدانه‌ی ئه‌م ده‌ستدرێژییه‌ ترسنۆكانه‌ ده‌كه‌ین و داواكارین رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی مافی مرۆڤ رۆڵی جددی ببینن بۆ ئازادكردنی قوتابیان، و سه‌لامه‌تی گیان و ژیانی ئه‌م قوتابیانه‌ ده‌خه‌ینه‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تی عێراقی و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان.