فوئاد مه‌عسووم سێ پێشنیار بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێرو به‌غدا ده‌خاته‌ روو

فوئاد مه‌عسووم له‌گه‌ل هه‌ردوو جێگره‌كه‌ى كۆبووه‌وه

به‌پێی ڕاگه‌یاندراوێكى سه‌رۆكایه‌تى كۆمارى عێراق، فوئاد مه‌عسووم، سه‌رۆك كۆمارى عێراق له‌گه‌ڵ هه‌ردوو جێگره‌كانى نوورى مالیكی و ئه‌یاد عه‌لاوى كۆبووته‌وه‌و تێیدا داواى لێیان كردووه‌ كه‌ هه‌موو هه‌وڵێك بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رجه‌م كێشه‌كانى نێوان به‌غداو حكوومه‌تى هه‌رێم، چاره‌سه‌ر بكرێن.

سه‌رۆك كۆمارى هه‌روه‌ها داواى گفتوگۆى به‌په‌له‌ى نێوان حكوومه‌تى فیدڕاڵ و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كردوه‌ به‌ئامانجى ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ردوولا، له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورو بڕیاره‌كانى دادگاى فیدڕاڵى به‌مه‌رجێك له‌ژێر سه‌رپه‌رشتى سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و پشتیوانى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا بێت.

هه‌روه‌ها داواى كۆبوونه‌وه‌ى هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌و سه‌ركرده‌ و نوێنه‌رانى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى له‌ نزیكترین كاتدا كردووه‌، بۆ ده‌ركردنى یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان و ئه‌نجامدانى هه‌لبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان له‌ واده‌ ده‌ستوورییه‌كانیاندا.

هه‌روه‌ها داواشی كردووه‌ كه‌ بانگهێشتى سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانى كه‌ركووك بكرێت بۆ كۆبوونه‌وه‌ى به‌په‌له‌ به‌ ئامانجى تاوتوێكردنى دۆخى پارێزگاكه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك مافى هاوولاتییان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵا نیشتمانییه‌كان بپارێزرێت.