داعش هێرشی كرده‌ سه‌ر حه‌شدی شه‌عبی و فه‌رمانده‌یه‌ك و 12 چه‌كداری لێ كوشتن

له‌ ناوچه‌ی ته‌ل سه‌فۆك رۆژئاوای پارێزگای نه‌ینه‌وا

له‌ ئاكامی هێرشێكی چه‌كدارانی داعش بۆ سه‌ر حه‌شدی شه‌عبی له‌ سنووری پارێزگای نه‌ینه‌وا، فه‌رمانده‌یه‌ك و 12 چه‌كدار كوژران.

نه‌قیب سه‌بهان كازم وه‌ردی، ئه‌فسه‌ر له‌ فیرقه‌ی میكانیكی چوار سه‌ربه‌ سوپای عێراق، به‌ ئانادۆڵوی رایگه‌یاند : به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، ژماره‌یه‌ك چه‌كدارانی داعش هێرشیانكرده‌ سه‌ر حه‌شدی شه‌عبی له‌ ناوچه‌ی ته‌ل سه‌فۆك رۆژئاوای پارێزگای نه‌ینه‌وا.

هه‌روه‌ها گوتی: له‌ هێرشه‌كه‌دا، شه‌ڕ و پێكدادان له‌ نێوان حه‌شدی شه‌عبی و چه‌كدارانی داعش روویداوه‌و فه‌رمانده‌یه‌كی حه‌شدی شه‌عبی به‌ ناوی ئه‌بی جه‌عفه‌ر ته‌یار و له‌گه‌ڵ ١٢ چه‌كداری دیكه‌ كوژران.

هه‌رله‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی عه‌قید ئه‌حمه‌د جبوری، ئه‌فسه‌ر له‌ فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی نه‌ینه‌وا، راگه‌یاندووه‌، ناوچه‌ی ته‌ل سه‌فۆك هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ سووریا و به‌ ناوچه‌یه‌كی مه‌ترسیدار بۆ سه‌ر هێزه‌ عێراقییه‌كان داده‌نرێت.

 

ئاماده‌كردنی: رزگار