یه‌كێتی له‌ دروستبوونی ره‌وتی نوێبوونه‌وه‌ هۆشداری ده‌دات

دروستكردنی هه‌ر ره‌وتێك به‌ مه‌رام و ده‌سكه‌وتی تایبه‌تیيه‌

یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان سه‌باره‌ت دروستبوونی ره‌وتێك له‌ناو یه‌كێتیدا رایده‌گه‌ێنێ، ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌ ئاڕاسته‌ی جیابوونه‌وه‌یه‌و خزمه‌ت به‌ یه‌كێتی ناو یه‌كێتی ناكات.

له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا مه‌كته‌بی رێكخستنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایگه‌یاند: له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا ره‌وتێك به‌ناوی (ره‌وتی نوێكردنه‌وه‌و دروستكردنه‌وه‌ی یه‌كێتی) راگه‌یه‌نرا، كه‌ له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك هه‌ڤاڵی یه‌كێتییه‌وه‌ كاری بۆ ده‌كرێت، لێره‌وه‌ به‌پێیوستی ئه‌زانین به‌ هه‌موو لایه‌كی رابگه‌یه‌نین، ئه‌م هه‌نگاوه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌یڕه‌و پرۆگرامی (ی،ن،ك)ه‌و كارێكه‌ به‌ ئاڕاسته‌ی جیابوونه‌وه‌ له‌ حیزب خزمه‌ت به‌ یه‌كێتی ناو یه‌كێتی ناكات و هه‌وڵێكیشه‌ به‌مه‌به‌ستی له‌مپه‌ردانان له‌به‌رده‌م  به‌ستنی چواره‌مین كۆنگره‌دا، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌هیچ جۆرێك په‌سه‌ندكراو نییه‌.

راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ دروستكردنی هه‌ر ره‌وتێك به‌ هه‌ر ناو و ئامانجێك، هێنده‌ی بۆ مه‌رام و ده‌سكه‌وتی تایبه‌تیه‌، ئه‌وه‌نده‌ هه‌نگاوێك نییه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی هیچ گرفتێك یان زیندووكردنه‌وه‌ی پره‌نسیپه‌ وون بووه‌كانی حیزب.

هه‌ر له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: راستر وایه‌، ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ له‌ڕێگای وێستگه‌ شه‌رعیییه‌كانه‌وه‌ هه‌نگاوبنێن بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانیان، نه‌ك له‌ڕێگای ناشه‌رعی و پێچه‌وانه‌ به‌ په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی حیزب، جارێكی تر جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌وه‌ی ئه‌و هه‌نگاوه‌ ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی كاری حیزبی و ده‌ڕژێته‌ خانه‌ی خزمه‌تكردن به‌ دژوو نه‌یاره‌كانی یه‌كێتی، سیاسه‌تی چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌ی مامیش له‌م جۆره‌ هه‌نگاو و كارانه‌دا، له‌به‌دیهێنانی ئه‌ركه‌ قورسه‌كانیدا دوور ئه‌كه‌وێته‌وه‌، بۆیه‌ پێمانوایه‌ قۆناغه‌كه‌ پێویستی به‌ هه‌وڵ و كۆششی ته‌واوی هه‌ڤاڵانه‌و تا به‌ستنی كۆنگره‌ش پابه‌ند بوون به‌ په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی په‌سه‌ند كراوی یه‌كێتی و ئه‌ركی بنچینه‌ی ژیانی حزبی و سیاسیمان ده‌بێت.

 سه‌رچاوه‌: نه‌وا                            

ئاماده‌كردنی: رزگار