قائیمقامى شنگال: 90%ى دانیشتووانى شنگال ئاواره‌بوون و له‌ دۆخێكى خراپدا ده‌ژین

قائیمقامى شنگال داوای هاوكارى له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كرد


مه‌حما خه‌لیل، قائیمقامى شنگال له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ل سه‌رۆك هۆزو كه‌سایه‌تییه‌ ئێزدییه‌كان و موسڵمانانى شنگال به‌ ئاماده‌بوونى شاندێكى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، له‌ پارێزگاى دهۆك، ڕایگه‌یاند" 90%ى دانیشتووانى شنگال، ئاواره‌بوون و له‌ دۆخێكى زۆر خراپدا ده‌ژین، به‌تایبه‌ت له‌نه‌بوونى پێداویستییه‌كانى ڕۆژانه‌یان".
 
جه‌ختیشی كرده‌وه‌، كه‌ ئه‌وانه‌ى هاوكارى ئاواره‌كانى شنگال ده‌كه‌ن، ته‌نها حكوومه‌تى هه‌رێم و گه‌لى كوردستانن، داواشی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كرد، هاوكارى به‌په‌له‌ بگه‌یه‌ننه‌ ئاواره‌كانى ئه‌و شاره‌، به‌تایبه‌ت كه‌ سه‌رما و سۆڵه‌ى زستان ده‌ستى پێكردووه‌.

قائیمقامى شنگال، ڕاشیگه‌یاند" به‌هۆى هێرشه‌كانى داعش له‌ مانگى ئابى 2014 و ه هه‌روه‌ها دواى هێرشه‌كه‌ى 16ى ئۆكتۆبه‌رى 2017ى میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى بۆ سه‌ر ناوچه‌ دابراوه‌كان، 90% دانیشتووانى شنگال ئاواره‌ بوون.