حەیدەر شەشۆ: داوا دەكەین ئیدارەی شنگال ڕادەستی خەڵكه‌كه‌ى بكرێتەوە

حەیدەر شەشۆ: شنگال قایمقام و ئیدارەی خۆی هەیە

سكرتێری پارتی دیموكراتی ئێزدی و فەرماندەی گشتیی هێزی پاراستنی ئێزدیخان ڕایگەیاند، داوا دەكەین ئیدارەی شنگال ڕادەستی خەڵكی شنگال بكرێتەوە. 

وتیشى" شنگال قایمقام و ئیدارەی خۆی هەیە، نەك هەندێك كەس، كە سەر بە حەشدی شەعبین، ناوچەكە بەڕێوە ببەن بۆ ئەوەی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بگەڕێنەوە ناوچەکە و كاری خۆیان بكەن و هاوكاریی خەڵكی ناوچەكە بكەن، لەگەڵ ئەوەی داوا دەكەن هەرچیی زووە ڕێگای نێوان شنگال و هەرێمی كوردستان بكرێتەوە.

دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و داگیركردنی كەركووك و خورماتوو له‌ لایه‌ن حه‌شدی شەعبییه‌وه‌، ئه‌و هیزه‌ هاتنە نێو شنگال، ئەوەش وای كرد كە خەڵكی گەڕاوەی شنگال و ناحیه‌كانی ده‌وروبه‌ر، كه‌ زیاتر له‌ 11 هه‌زار كه‌س گه‌ڕابوونه‌وه‌، دووبارە زوربه‌ی زوریان ئاوارەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ببنەوە، چونكە وەكو خۆیان دەڵێن، "حەشد و داعش هیچ جیاوازیەكیان نییە و هەمان ئەو تاوانانەی داعش له‌ ناوچه‌كه‌ ئەنجامی دا، حەشد دووبارەیان دەكاتەوە، كه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر ماڵ و مڵكی هاووڵاتییاندا گرتووە و تاڵانیان دەكەن، بۆیە داوا دەكەن ئەو هێزە لە ناوچەكە نەمێنێت و هێزی پێشمەرگە، كە شنگالی ئازاد كرد، لە ناوچەكە بن و بەرگری لە ئێمە بكەن، ئەگەرنا ئێمە ئامادە نین بگەڕێینەوە."

حەیدەر شەشۆ، سكرتێری پارتی دیموكراتی ئێزدی و فەرماندەی گشتیی هێزی پاراستنی ئێزدیخان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "لە دوای هاتنی حەشدی شەعبی بۆ شنگال تا ئێستا هیچ گۆڕانكارییەكی نوێ دروست نەبووە، حەشدی شەعبی هەر لە ناوچەكەیە، بەتایبەتی لای باكووری شنگال، بە هۆی هاتنی ئەوان بۆ ناوچەكە هیچ خزمەتگوزارییەك بۆ خەڵكی ناوچەكە دابین ناكرێت، هیچ ڕێكخراوێك ئامادە نییە بچێتە ناوچەكە، هەتا ئەوان قایمقام و بەڕێوەبەری شارەدێیەكانیان داناوە، كە سەر بە حەشدی شەعبینە، بێ ئەوەی پرسیار بە خەڵكی شنگال بكەن، شنگال قایمقام و ئیدارە خۆی هەیە."