ئه‌مڕۆ ترامپ قودس وه‌كو پایته‌ختی ئیسرائیل ده‌ناسێنێت

سه‌رۆكه‌كانی پێش ترامپ به‌ڵێنیان دابوو قودس بكه‌نه‌ پایته‌ختی ئیسرائیل

به‌رپرسانی ئه‌مریكا ئاشكرایان كردووه‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ وته‌كانی ئه‌مڕۆی چوارشه‌ممه‌ دا قودس وه‌كو پایته‌ختی ئیسرائیل ده‌ناسێنێت.

به‌ پێی هه‌واڵیكی كه‌ناڵی سكای نیوز ئه‌مریكی به‌رپرسانی ئه‌مریكا ئاشكرایان كردووه‌ كه‌ دوناڵد تڕامپ سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ راگه‌یاندنێكدا ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌ قودس به‌ فه‌رمی وه‌كو پایته‌ختی ئیسرائیل ده‌ناسێنێت هه‌ر له‌ وته‌كانی ئه‌مڕۆی دا دۆناڵد تڕامپ بریار له‌ سه‌ر گواستنه‌وه‌ی باڵیۆخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ ته‌ل ئه‌بیب وه‌ بۆ قودس ده‌دات .

ئه‌و به‌رپرسانه‌ ئه‌وه‌شیان ئاشكرا كرد هه‌ركه‌ تڕامپ قودسی وه‌كو پایته‌ختی ئیسرائیل ناساند ، رۆژێكی مێژوویی دێته‌ كایه‌وه‌، ئه‌وه‌شیان خسته‌روو ئه‌م هه‌نگاوه‌ی تڕامپ له‌و رووه‌ سه‌ر ده‌گرێت كه‌ تڕامپ و سه‌رۆكه‌كانی پێش خۆیشی به‌ڵێنیان دابوو كه‌ قودس بكه‌نه‌ پایته‌ختی ئیسرائیل.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان به‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ تڕامپ مۆڵه‌تی داوه‌ته‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ گواستنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ شاری ته‌ل ئه‌بیب بۆ شاری قودس.

ئه‌م وتانه‌ی به‌رپرسانی ئه‌مریكا له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ زۆربه‌ی وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كان رایانگه‌یاندووه‌، به‌هیچ جۆرێ نابێ سه‌رۆكی ئه‌مریكا قودس وه‌كو پایته‌ختی ئیسرائیل بناسێنێت.

پێداچوونه‌وه‌: رزگار