له‌ هه‌ولێر دایكێك منداڵه‌ 8 ساڵه‌كه‌ى 20 رۆژ بێ نان و ئاو ده‌به‌ستێته‌وه‌

ته‌نیا 10 كیلۆگرام له‌ كێشى له‌شی ماوه‌ته‌وه‌


له‌ شارى هه‌ولێر، ئافره‌تێك كوڕه‌ هه‌شت ساڵه‌كه‌ى خۆى، بۆ 20 رۆژ به‌ زنجیر ده‌به‌ستێته‌وه‌ و نان و ئاوى لێ قه‌ده‌غه‌ ده‌كات و ئه‌و منداڵه‌ ته‌نیا 10 كیلۆگرام له‌ كێشى ماوه‌ته‌وه‌.

وەزیرى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى رایگەیاند: ئه‌مرۆ چوار شه‌ممه‌ ئاگاداركرامه‌وه‌ به‌بوونی كه‌یسێكی توندو تیژی دژی منداڵێك کە له‌لایه‌ن دایكیه‌وه نامرۆڤانە مامەڵەى لەگەڵ کراوە.

محه‌مه‌د هاودیانی‌، وه‌زیری‌ كار و كاروباری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند هه‌ر ئه‌مرۆ سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی راپه‌رینم كرد بۆ بینینی ئه‌م منداڵه‌، به‌داخه‌وه‌ زۆر نامرۆڤانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ (یوسف)ی نۆ ساڵ ئه‌نجام دراوه‌.

وتیشی‌: دوای پشكنیننی ته‌ندروستی ده‌ركه‌وت ماوه‌ی دوو مانگه‌ خۆراكی پێنه‌دراوه‌ ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ كێشی بۆ ته‌نها 10 كیلۆ دابه‌زیوه‌.

وه‌زیری‌ كار و كاروباری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئه‌وشی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ ئه‌و منداڵه‌ له‌جوڵه‌ و رۆیشتن كه‌وتبوو.


لای‌ خۆیه‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی ڕۆژئاوای هه‌ولێر له‌وباره‌وه‌ رایگه‌یاند كه‌ "منداڵێك دوای ماوه‌یه‌كی زۆر  ئه‌شكه‌نجه‌دانی و  به‌ستنه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی 20 ڕۆژ  له‌ لایه‌ن دایكیه‌وه‌ دراوسێكانیان گه‌یاندویانه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتن .

نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی ڕۆژئاوای هه‌ولێر ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ شه‌وی 5/12/2017  منداڵێكی ته‌مه‌ن 8 ساڵ به‌ناوی ( یوسف) له‌ دوای 20 رۆژ له‌ ئه‌شكه‌نجه‌دان له‌لایه‌ن دایكیه‌وه‌ كه‌ له‌ یه‌كێك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری هه‌ولێر ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن له‌ لایه‌ن دراوسێكانیانه‌وه‌ گه‌یه‌نراوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌.


خێزانەکە دانیشتووی گەڕەکی سەفین-ە لە شاری هەولێر، دایکەکە دوای ئەوەی لە مێردەکەی جیا دەبێتەوە، چوار منداڵی هەیە و شوو بە پیاوێکی دیکە دەکات و بەم هۆیەوەشەوە دایکەکە سێ کوڕەکەی لەگەڵ خۆی دەبات بۆ ماڵی مێردەکەی دووەمی و کچەکەیشی لە لای باوکەکە بەجێدەهێڵێت.

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ له‌ ئێستادا ئه‌و منداڵه‌ له‌ ژێر چاودێری ووردی پزیشككانی ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌یه‌ و دایكی منداڵه‌كه‌ش لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت له‌سه‌ر ئه‌و ره‌فتارانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م منداڵه‌ی ئه‌نجامیداوه‌.