حکوومەتی هەرێم  وەڵامی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ده‌داته‌وه‌

راپۆرته‌كه‌ تایبه‌ته‌ بە (کەموکورتی دادوەری، لێپرسراوێتی بۆ تاوانەکانی داعش) 

کۆمیتەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان وەڵامی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچی دایەوە، کە پێوەست بە (کەموکورتی دادوەری، لێپرسراوێتی بۆ تاوانەکانی داعش) خستبوویە ڕوو و حکوومەتی هەرێم چەند ڕوونکردنەوەیەکی پێوەست بەم ڕاپۆرتەی خستە ڕوو.

ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە، لە ڕێکەوتی 5/12/2017 بە ناوی (کەموکورتیی دادوەری، لێپرسراوێتی بۆ تاوانەکانی داعش) و تێیدا باس لە قۆناغەکانی هاتنی ڕێکخراوی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە و دواتریش داعش و ئەو هەنگاوانەی کە دواتر لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە گیراونەتە بەر، هەروەها تیشکی خستووەتە سەر بەشێک لەو ڕێوشوێنانەی کە بۆ نەهێشتنی تیرۆریستان و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بە تۆمەتی تیرۆر تێوە گلاون و چۆنیەتی دادگاییکردنیان، تێکدانی ماڵی عەرەبەکان و ڕێگانەدان بە گەڕانەوەیان بۆ سەر زێدی خۆیان.

کۆمیتەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە وەڵامی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ بە پێویستی زانی چەند ڕوونکردنەوەیەک بخاتە ڕوو:

لە هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی 2006 کە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) لە هەرێمی کوردستان ناسراوە جێبەجێ دەکرا تا کۆتاییی مانگی تەمموزی 2016، بەڵام دوای ئەوەی کارکردن بەم یاسایە ڕاگیرا و لە هەمان کاتدا کردەوە تیرۆریستییەکان کۆتاییان پێ نەهاتووە و هەڕەشەن لە سەر ئاسایشی هەرێم، ئێستا لە هەرێمی کوردستان بۆ دادگاییکردنی ئەو کەسانەی لە کاری تیرۆریستییەوە تێوە گلاون، کار بە یاسای ژمارە (٢١)ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی کوردستان و یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١)ی ساڵی 1969ی هەموارکراو دەکرێت. لە لایەکی ترەوە، تا ئێستا سەدان لەو کەسانەی کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە، هێشتا دەستبەسەرن و لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدان، لەوانە (228) کەس تەمەنیان لە خوارووی (18) ساڵە و لە چاکسازییەکان دەستبەسەرن. هەروەها ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ کەمترە و گومانیان لێ دەکرێت پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووبێت، ئەوا وەک قوربانیی دەستی داعش مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، نەک تاوانبار و گرنگییەکی تایبەتییان پێ دەدرێت، ئەم پرۆسەیەش بە هەماهەنگی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە ناحکومییە بیانییەکان ئەنجام دەدرێت.

لایەنە ئەمنییەکانی حکوومەتی هەرێم پابەندن کە زانیاری بدەنە خانەوادەی ئەو کەسانەی دەستگیر دەکرێن، چونکە بە پێى یاساى ژمارە ١٤ى ساڵى 2001ى پەرلەمانى کوردستان تەمەنى یاسایى بۆ سەپاندنى سزا (١١) ساڵە و سووکترین سزادانیش بۆ ئەو منداڵانە (هۆشداریدانە) بۆ سەرپێچیەکان، واتا کە سەرپێچى بکرێت هۆشدارى پێ دەدرێت، ئەگەر تاوانەکە نەکەوێتە چوارچێوەى تیرۆر و قورسترین سزاش سپاردنە بۆ ماوەى 5 ساڵ بە قوتابخانەیەکى پێگەیاندن، بەڵام لە هەندێ حاڵەتیشدا نیازى پەیوەندیکردن بە گرووپێکى چەکدارى تیرۆریستى هەبێت، کە بە پێى یاسا پێى دەگوترێت (شروع)، بەڵام کە کۆتایى و ئەنجامى نەبووە، ئەوا لێرەدا سزاکە بە پێى تەقدیرى دادوەر دەبێت، بەم جۆرە سزاى لە سێدارەدانیش لەسەر نەوجەوانان جێبەجێ ناکرێت.

دەزگا پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەسەرکردنی کەیسی ئەو منداڵانە و لە ساڵى 2016 لە دادگاى هەولێر دەیان کەیس یەکلا بووەتەوە و سزاکانیشیان لە نێوان یەک ساڵ بۆ پێنج ساڵ  بووە. هەروەها بە پشت بەستن بە ماددەى (٤٩)ی یاساى پاراستنى نەوجەوانان دادوەرى لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانى نەوجەوانان تایبەتە بە بینینى ئەو داوایانە و لە کاتى نەبوونى دادوەرى لێکۆڵینەوەى نەوجەوانان، ئەوە هەر دادوەرێکى لێکۆڵینەوە ئەو داوایە دەبینێت و لە کاتى نەبوونى دادوەرى لێکۆڵینەوەش لێکۆڵەرەوەى دادوەرى ئەو کارە دەکات و لە هەموو حاڵەتەکان دەستگیرکراوەکە دەچێتە بەردەم دادوەر.

لە لایەکی ترەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە هاوکاری لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بکات سەبارەت بە ڕادەستکردنەوەی دەستگیرکراوانی داعش و لەم ڕووەوە لەسەر داوای سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەتایبەتی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و یۆنامی پێکەوە بەدواداچوون کراوە، سەبارەت بە چارەنووسی ئەو کەسانەی کە بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر کراون و سزا دراون، بەڵام حکوومەتی هەرێم بۆ ڕادەستکردنەوەیان داوای زەماناتی کردووە و خوازیارە یۆنامی وەک لایەنێکی ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی بەشدار بێت لەم پرۆسەیە بۆ مەبەستی پاراستنی ژیانیان. سەبارەت بە لێبووردنی گشتیش ناکرێت لە کاتی شەڕدا بڕیاری لێبووردنی گشتی دەربچێت بۆ هیچ گیراوێک، بەتایبەتی ئەوانەی لە کاتی جەنگدا دەستگیر دەکرێن، یان دیلەکانی جەنگ.

سەبارەت بە دواکەوتن و ڕێوشوێنەکانی دادگاییکردنی گومانلێکراوان دیارە لەگەڵ هاتنى ڕاگوێزراوان بۆ ساترەکانى هێزى پێشمەرگە وەک ڕێوشوێنێکی ئەمنی تەنیا پیاوەکان پشکنینێکی زۆر ئاساییان بۆ کراوە بە مەبەستی دڵنیابوون لە نەبوونی کەسانی تیرۆریست و خۆکوژ لە نێویاندا، دواتر دەگوازرانەوە بۆ سەنتەرەکانى پێشوازى. دواى گواستنەوەى ڕاگوێزراوان بۆ سەنتەرى پێشوازى دووبارە پیاوەکان دەپشکێندرێن و بەهیچ شێوەیەک پشکنین بۆ ئافرەتان ئەنجام نادرێت، ئەم ڕێوشوێنانە زۆر جار بوونەتە هۆی ئەوەی کە ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان گلەیی ئەوەیان کردووە، کە بۆچی ئافرەتەکان ناپشکێندرێن، بەڵام بە هۆی ڕەچاوکردنی دابونەریتی کۆمەڵایەتی و حورمەتی خەڵکەکە، تا ئێستا ئافرەتە ڕاگورێزراوەکان پشکنینیان بۆ ئەنجام نادرێت لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە.

لە پشکنینی یەکەم زانیاری لە خودی ئەو کەسانە وەرگیراوە، کە ئاوارە دەبن و ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن، یاخود خۆیان دەربارەی ئەو کەسانە قسە بۆ لایەنە ئەمنییەکان دەکەن کە پەیوەندیان بە گرووپی تیرۆریستیی داعشەوە هەبووە. لە ماوەی ئەو چەند کاتژمێرەی کە لێکۆڵینەوە لەگەڵ کەسەکان دەکرێت، ئەگەر کەسێک گومانلێکراو بوو ئەوە بە پشتبەستن بە زانیاری لایەنە پەیوەندیدارەکان وەک موختاری گەڕەک و عەشایرەکانی ناوچەکە ئەو زانیاریانەی دەست لایەنە ئەمنییەکان کەوتوون جەختیان لەسەر دەکرێتەوە و ئینجا گومانلێکراو دەستگیر دەکرێت.

پشکنین تەنها چەند کاتژمێرێک دەخایەنێت و پاش پشکنین ڕاگوێزراوەکان دەنێردرێنە کەمپەکان و ئەو کەسانەی گومانلێکراویشن دەستگیر دەکرێن حاکم کەیسیان بۆ دەکاتەوە و ڕاستەوخۆ پاش دەستگیرکردنی بنەماڵەکەی ئاگادار دەکرێنەوە لە هۆکاری دەستگیرکردنی، هەروەها مافی ئەوەشی دەبێت کە پارێزەر بۆ خۆی بگرێت. لە کاتی دەستگیرکردن و ئازادکردنیشیان ئەمانە لە خێزانەکانیان جودا ناکرێنەوە و پاش ئازادکردنیان دەگەیەندرێنەوە بە بنەماڵەکانیان. لە دوای ئەوەی لە لایەن حاکمەوە کەیس بۆ گومانلێکراوێک دەکرێتەوە ئینجا لێکۆڵینەوە لەگەڵی دەست پێ دەکات دوای ئه‌وه‌ی ڕاگیراو حوكمی له‌ دادگاوه‌ بۆ ده‌ره‌دچێت ڕه‌وانه‌ی داموده‌زگاكانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌كرێ بۆ سه‌پاندنی سزاكه‌ی به ‌پێی ڕێوشوێنه‌ كارپێكراوه‌كان.

سەبارەت بەو بەڵگانەی لەسەر گومانلێکراو و تاوانباران کۆ دەکرێتەوە، بەڵگەکان جیاوازن و هەندێکیان لە ڕێگەی مۆبایلی تاوانبارەکانەوە دەست دەکەوێت، یاخود لە ڕێگای بەکارهێنانی ماددەیەکی تایبەت کە لە هێزە ئەمریکییەکان دەست لایەنە ئەمنییەکان کەوتووە، کە بە هۆی ئەو ماددە کیمیاویەوە کە لە دەستی خەڵکەکە دەدرێت ئاشکرا دەبێت کە ئەو کەسانە دەستیان بەر ماددەی تەقەمەنی وەکو (تی ئێن تی) کەوتووە، یان نا. بە شێوەیەکی گشتی تەنیا ئەو کاتانە تۆمەتبار دەستگیر دەکرێ، کە زانیاری تەواو و بەڵگەی بەهێز لەبەردەستدا بێت بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە، پاش دەستگیرکردنیشیان تەنها بۆ چەند کاتژمێرێکی کەم لە ئاسایش دەمێننەوە و پاش وەرگرتنی زانیاری سەرەتایی، وەکو ئەگەری هێرشى تیرۆریستان، یان پلانی داهاتوویان ڕادەستی هێزە ئەمنییە تایبەتیەکان دەکرێن.

دوای ئەوەی لایەنە ئەمنییەکان زانیاری تەواو لەسەر گومانلێکراوان دەدەن بە دادوەر، دادوەر ڕەزامەندی دەدات بە دەستگیرکردنی گومانلێکراوان، فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەردەچێت، بەم پێیەش ڕێگا بە هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس دەدرێت بە گرتن و پشکنین و بەدواداچوونی گومانلێکراوان و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەگەڵیان، لەم قۆناغەدا بۆ ماوەی (٢٤) کاتژمێر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەمێننەوە بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی.

دوای دەستگیرکردنی گومانلێکراوان پەراوی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە و دەنێردرێن بۆ دادگاکانی لێکۆڵینەوە، کە بە شێوەیەکی گشتی بۆ ماوەی (٧٢) کاتژمێر کە لەژێر لێکۆڵینەوەدا دەبن، بەڵام هەموو مافێکی یاساییان پارێزراو دەبێت، وەک دابینکردنی پارێزەری تایبەت بە بەرگری، ئەگەر لەو ماوەیەدا سەلمێنرا کە لە کاری تیرۆریسیی تێوە نەگلاوە و بێتاوانە ئەوا بە بڕیاری دادوەر لێکۆڵینەوە ئازاد دەکرێت، بەڵام بە پێچەوانەوە ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر، وەک ئەوەی ناردنی پەراوی لێکۆڵینەوەکان بۆ دادگای تاوان.

ڕاپۆرتەکە باس لە قوربانییانی دەستی داعش دەکات، لەو بارەوە حکوومەتی هەرێم گرنگییەكی زۆری بە لایەنی یاساییی قوربانیانی دەستی تیرۆریستان داوە، بە تایبەتی ئەو ئێزدیانەی کە لە لایەن تیرۆریستانەوە ڕفێندراوبوون، بۆ ئەم مەبەستە ڕۆژی 25/11/2014 لێژنەیەكی دامەزراند بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە كەیسی ئێزیدییە ڕفێندراوەكان و بوودجەیەكی تایبەتی تەرخان كردووە بۆ ڕزگارکردنیان، دوای گەڕانەوەشیان حکوومەت هەموو ئامادەكارییەك دەكات بۆ حەواندنەوەیان و دووبارە گەڕاندنەوەیان بۆ نێو كۆمەڵگا. لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی حکوومەتی هەرێمدا توانراوە ژمارەیەکی زۆر لە ڕفێندراوەکان ئازاد بکرێن، بە پێی دوایین سەرژمێری ئێزدییە ڕفێندراوەکان ژمارەیان (6417) کەس بوو لەوانە (3547)یان  نێر و (2870)یان مێ بوو، تا ڕۆژی 1/12/2017 ئەوانەی تا ئێستا ڕزگار کراون ژمارەیان (3207) کەسە، لەوانە (1137)یان ئافرەت و (335)یان پیاو و (904)یان منداڵی کچ و (831)یان منداڵی کوڕ بوون، ئەوانەی تا ئێستا ڕزگار نەکراون، (1507) ئافرەت و (1703) پیاون. لە لایەکی دیکەوە دوای ئاوارەبوونیان ئێزدییەكان پێویستیان بە یارمەتیدانی یاسایی هەبوو بۆ وەرگرتنەوەی مافەكانی خۆیان، بۆیە لە مانگی 12ی 2014 لە لایەن حکوومەتی هەرێمی كوردستانەوە زیاتر لە (33,029) كەیس لە ڕووی یاساییەوە پاڵپشتی كراون و ژمارەی ئەو كەسانەی سوودیان لەم پاڵپشتییە وەرگرتووە و تەنیا لە مانگی 3ی ساڵی 2015 گەیشتە (60,000) كەس و تا ئێستاش ئەو هاوکارییە یاساییانەی حکوومەت بەردەوامن.

سەبارەت بە ڕەوشی ئاوارەکان ئاشکرایە یه‌كێك له‌ سه‌روه‌رییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ هه‌موو جیهان به‌ شانازییه‌وه‌ باسی لێ ده‌كرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان باوه‌شی كردووەته‌وه‌ بۆ نزیكه‌ی (2) ملیۆن ئاواره‌ و په‌نابه‌ر و هاتنیان به‌رده‌وامه‌، سه‌ره‌ڕای بارودۆخی ناله‌بار و قه‌یرانی ئابووری، به‌ڵام  حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵی داوه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك و به‌و توانا سنوورداره‌ی به‌رده‌ستی زۆرترین خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران بكات ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ وڵاتانی ده‌وروبه‌ری عێراق و سووریا ڕایانگه‌یاندووه‌ ناتوانن چیتر په‌نابه‌ر وه‌ربگرن.

ئاواره‌ و په‌نابه‌ران به‌ دوو قۆناغ ڕوویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌:  یه‌كه‌میان له‌ ساڵی 2006 له‌ ئاكامی شه‌ڕی تایفه‌گه‌ری له‌ شاره‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێڕاق و دووه‌میشیان له‌ دوای هێرشه‌كانی تیرۆریستانی داعش بۆ سه‌ر ناوچه‌ جیاجیاكانی عێڕاق كه‌ له‌ ئه‌نجامدا بووه‌ هۆی ئاواره‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتییانی عێڕاقی و په‌نابردنیان بۆ هه‌رێمی كوردستان.

ئه‌و ڕێوشوێنانه‌ی كه‌ له‌ بازگه‌كاندا په‌یڕه‌و ده‌كرێن كارێكی ئاساییه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ ئاسایش و سه‌قامگیریی هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌ و نه‌ك ته‌نیا له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ڵكو له‌ هه‌موو جیهان ڕێوشوێنی تایبه‌ت ده‌گیرێته‌ به‌ر بۆ پاراستنی ئاسایش بۆ وردبینی و دڵنیا بوون له‌ ناسنامه‌ی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌گه‌ڵ ئه‌و زانیاریانه‌ی هه‌یه‌ ده‌رباره‌ی لیستی ناوی تیرۆریستان لای داموده‌زگا ئه‌منییه‌كان، ئه‌م ڕێوشوێنانه‌ش ته‌نیا بۆ پاراستنی سه‌لامه‌تیی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستانه‌ به‌ ئاواره‌كانیشه‌وه‌ و ته‌نیا ئاواره‌ و په‌نابه‌ران ناگرێته‌وه‌، به‌ڵكو هه‌ر كه‌سێك به‌ بازگه‌كان تێپه‌ڕ بێت داوای ناسنامه‌ی لێ ده‌كرێت، چونكه‌ كۆنتڕۆڵكردنی ئه‌م ژماره‌ زۆره‌ی ئاواره‌ ئاسان نییه‌ و پێویسته‌ ڕێوشوێنی تایبه‌ت له‌ بازگه‌كان بگیرێته‌ به‌ر.

سەبارەت بە ڕووخاندنی خانووی خەڵکی ئەو ناوچانەی کە مەیدانی شەڕ بوون، بۆیە لە ئەنجامی شەڕ و بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکان و مینڕێژکردنیان لە لایەن داعشەوە تێک دەدرێن، لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە بەشی هەرە زۆری خانووە تێکدراوەکان خاوەنەکانیان کورد بوون و دوای ئەوەی ئاوارە بوون و شوێنەکانی خۆیان جێهێشت تیرۆریستانی داعش خانووەکانیان مینڕێژ کردووە، هه‌روه‌ها لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپات ده‌كه‌نه‌وه،‌ كه‌ هه‌ر كه‌سێك له‌ ئاواره‌كان سكاڵا به‌رز بكاته‌وه‌ دژی پێشمه‌رگه‌ و كارمه‌ندانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و به‌ڵگه‌ی سه‌لمێنه‌ری هه‌بێت له‌و ڕووه‌ كه‌ مافی پێشێل كراوه‌  له‌ ڕێگای فه‌رمانگه‌ی یاساییی وه‌زاره‌ته‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م ڕه‌فتارانه‌ ده‌كه‌ن و هاریكاری ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ داوای مافی خۆیانه‌ بكه‌ن.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی گیان و سەر و ماڵی ئەو هاووڵاتییانەی کەوتبوونە نزیک هێڵەکانی تەماس، خەڵکەکەیان گواستەوە بۆ کەمپەکان، بەڵام ڕێگا نەگیراوە لە هاتوچۆی خەڵکی ناوچەکە، لە لایەکی دیکەوە ئەم ناوچانە لە ئەنجامی شەڕ و و بۆردومانی بەردەوامەوە دوچاری وێرانکارییەکی بێوێنە بوونەتەوە و لە زۆربەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بێبەش بوون، ئەمە سەرەڕای بوونی ژمارەیەکی زۆری مین و تەقەمەنی کە تیرۆریستانی داعش لە دوای خۆیان لەو ناوچانە دایاننابوو، ژیان تێیدا سەخت بوو، بۆیە خەڵکەکەی سەرەتا نەگەڕانەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، بەڵام دواتر بە هەوڵ و کۆششەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشێکی زۆری خەڵکی ئەو ناوچانە، بەتایبەتی لە ڕۆژئاوای مووسڵ گەڕانەوە سەر زێدی خۆیان.

کۆمیتەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران
حکوومەتی هەرێمی کوردستان
6/12/2017