به‌هۆی دواكه‌وتنی مووچه‌كانیان مامۆستایانی به‌سره‌ بایكۆتی خوێندنیان كرد

عه‌بادی به‌رده‌وام جه‌خت له‌ ناردنی مووچه‌ بۆ كوردستان ده‌كاته‌وه‌

به‌ هه‌زاران مامۆستا له‌ پارێزگای به‌سره‌ وه‌ك ناڕه‌زاییه‌ك له‌هه‌مبه‌ر دواكه‌وتنی مووچه‌كانیان نه‌چوونه‌ نێو هۆڵه‌كانی خوێندنه‌وه‌ و بایكۆتیان كرد، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقیش هه‌موو رۆژێك پابه‌ندبوونی خۆی به‌ ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان دووپات ده‌كاته‌وه‌.

عه‌لا زه‌رگانی، سه‌رۆكی سه‌ندیكای مامۆستایانی به‌سره‌ به‌ سۆمه‌رییه‌ نیوزی راگه‌یاندووه‌: به‌هۆی

دواكه‌وتنی مووچه‌كانیان هه‌زاران مامۆستا مانگرتنیان راگه‌یاندو بایكۆتی هۆڵه‌كانی خوێندنیان كرد.

هه‌روه‌ها گوتی: مانگرتنه‌كه‌ی مامۆستایانی سه‌ر به‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی به‌سره‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، تا ئه‌و كاته‌ی مووچه‌كانیان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ خه‌رج ده‌كرێت.

سه‌رۆكی سه‌ندیكای مامۆستایانی به‌سره‌ گوتیشی: دواكه‌وتنی مووچه‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بۆ مامۆستایان دروست كردووه‌، چونكه‌ به‌شێكی زۆری مامۆستایان پاره‌ی هاتوچۆیان پێ نییه‌.

پارێزگای به‌سره‌ له‌ قه‌یرانێكی قووڵی دارایی دایه‌و زۆربه‌ی دامو ده‌زگاكانی حكومه‌ت ناتوانێ وه‌كو پێویست كاره‌كانی هاووڵاتیان رایی بكه‌ن.

حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌چه‌ند بۆنه‌یه‌كدا پابه‌ندبوونی خۆی به‌ ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان دووپات ده‌كاته‌وه‌، كه‌چی مامۆستایانی به‌سره‌ له‌بێ مووچه‌یی خۆپیشاندان ده‌كه‌ن.

دوێنیش دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، لیژنه‌یه‌كیان راسپاردووه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ و وردبینیكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی  كوردستان.

ئاماده‌كردنی: رزگار