عه‌مید سه‌رحه‌د: 14 ساڵه‌ ڕاوی تیرۆر ده‌كه‌م، كه‌چی به‌مادده‌ی تیرۆر بڕیاری گرتنم دراوه‌

14 جار هه‌وڵی كوشتنی دراوه‌

به‌رێوه‌به‌ری پۆلیسی قه‌زاو ناحیه‌كانی كه‌ركوك رایده‌گه‌ێنێ، 14 ساڵه‌ له‌كه‌ركوك ڕاوی تیرۆر ده‌كه‌م، كه‌چی ئێستا به‌پێی ماده‌ی 4 ی تیرۆر بریاری گرتنم بۆ ده‌ركراوه‌ و ئاماده‌شم بچمه‌ به‌رده‌م دادگا .

عه‌مید سه‌رحه‌د قادر، به‌رێوه‌به‌ری پۆلیسی قه‌زاو ناحیه‌كانی كه‌ركوك به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاندووه‌:  كاتی خۆی هه‌ندێك خه‌ڵك په‌لاماری دادگای دوبزیان دا، ئێمه‌ ئیجرائاتی یاسایمان كردووه‌، كه‌چی ئه‌مه‌كراوه‌ته‌ مه‌وزوع له‌سه‌رمان.

هه‌روه‌ها گوتی: بۆ ماوه‌ی 6 مانگ مۆڵه‌تم وه‌رگرتووه‌ و له‌دوای روداوه‌كانی 16 ی مانگی 10 ه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك نه‌گه‌ڕاومه‌ته‌وه‌و نه‌ك جارێكیش، 100 جار ده‌چمه‌ به‌رده‌م دادگا، هه‌موو به‌ڵگه‌و دیكۆمێنتێكم له‌به‌رده‌سته‌.

گوتیشی: له‌ ساڵی 2003 ه‌وه‌ له‌گه‌ڵ تیمه‌كانی هاوپه‌یماناندا شه‌ری تیرۆرمان كردووه‌ و 315 كه‌س له‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، هه‌روه‌ها خۆشی 14 جار هه‌وڵی كوشتنی دراوه‌، كه‌چی ئێستا به‌پێ برگه‌ی یه‌ك له‌ماده‌ی 4 ی تیرۆر بریاری گرتنی بۆ ده‌ركراوه‌.

ئێستاكه‌ عه‌مید سه‌رحه‌د قادر ،به‌رێوه‌به‌ری پۆلیسی قه‌زاو ناحیه‌كانی كه‌ركوك له‌پۆسته‌كه‌ی لابراوه‌ و كه‌سێكی تر خراوه‌ته‌ جێگه‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ ناوبراویشدا بریاری گرتن بۆ ژماره‌یه‌ك ئه‌فسه‌ری تری پۆلیسی كه‌ركوك ده‌ركراوه‌ و بریاری گرتنه‌كانیشیان له‌به‌غداوه‌ ره‌وانه‌ی كه‌ركوك كراوه‌ به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردن.

ئاماده‌كردنی : رزگار