ئه‌ڵمانیا یارمه‌تی ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ ده‌دات كه‌ مافی په‌نابه‌رێتیان بۆ ده‌رنه‌چووه‌

بڕی پاره‌كه‌ش (3) هه‌زار یۆرۆیه‌

ئه‌ڵمانیا ده‌یه‌وێت یارمه‌تی ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ بدات كه‌ مافی په‌نابه‌رێتیان بۆ ده‌رنه‌چووه‌ و به‌ حه‌زی خۆیان ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ وڵاتانی خۆیان، بڕی پاره‌كه‌ش (3) هه‌زار یۆرۆیه‌. 

به‌گوێره‌ی هه‌واڵێكی ده‌نگی ئه‌مریكا‌، وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئه‌ڵمانیا ئه‌و كه‌سانه‌ی ئاگاداركردۆته‌وه‌ كه‌ داوای مافی په‌نابه‌رییان كردوه‌ و ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ وڵاته‌كانیان، ده‌توانن تا رۆژی 28ی 2ی 2018 داواكانیان پێشكه‌ش بكه‌ن و هه‌ر كاتێك بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ وڵاتی خۆیان پاره‌كه‌ وه‌رده‌گرن. 

ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، ئه‌و كۆچه‌رانه‌ی مافی په‌نابه‌رێتیان بۆ ده‌رنه‌چووه‌، پێشتر بۆ ماوه‌ی ساڵێك به‌پێی پرۆگرامی جیاواز بڕی (هه‌زار و 200) یۆرۆ بۆ پێگه‌یشتوان ته‌رخانكراوه‌ و (600) یۆرۆ بۆ منداڵان، ئێستا ده‌توانن بۆ هه‌ردوو پرۆگرامه‌كه‌ داوا پێشكه‌ش بكه‌ن. 

هاوكات رۆژنامه‌ی (بیڵد ئه‌م سۆنتاگ)ی ئه‌ڵمانیا بڵاویكردۆته‌وه‌، (هه‌شت هه‌زار و 639) كۆچه‌ر له‌نێوان مانگه‌كانی (2 تا 10)ی رابردوو به‌شدارییان له‌ پرۆگرامی گه‌ڕانه‌وه‌كه‌ كردووه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌هۆی هۆكاری مرۆییه‌وه‌ ناتوانرێت بیان نێرنه‌وه‌.